هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان: میلیشیا شیعەکان رەوایەتی دەدەنە داعش

 هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان: میلیشیا شیعەکان رەوایەتی دەدەنە داعش
هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان پێیوایە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە بەشداریکردنیان لە شەڕی رزگارکردنەوەی مووسڵ، رەوایەتی بە چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش دەدەن.



بەپێی بەیاننامەیەکی هاوپەیمانیی هیزە عێراقییەکان، کە ”ئوسامە نوجەیفی“، جێگری پێشووی سەرۆک کۆماری عێراق سەرۆکایەتیی دەکات، شەڕی رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ تایبەتمەندیی خۆی هەیە، چونکە بە ”شکانی داعش لەو شارە، پشتی دەشکێت و لە عێراق نامێنێت“ و ”پێویستە کوڕانی شارەکە“ بە هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراقی شارەکە رزگار بکەنەوە.



هاوپەیمانیی هێزە عێراقییەکان پێیوایە بەشداریکردنی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنەوەی مووسڵ، رەوایەتیی بە شەڕی چەکدارانی داعش لە دژی هیزە رزگارکەرەکان دەدات، بەوەی شەڕەکە دەکەنە شەڕێکی تائیفی لە دژی ”هێرشی شیعەکان“.



رۆژی شەممە 20ـی شوباتی 2016، ”حەیدەر عەبادی“، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی گوتارێکدا لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەشداریی لە رزگارکردنەوەی مووسڵ دەکەن.



چەکدارانی داعش دوای شکست و هەرەسهێنانی سوپای عێراق، لە مانگی حوزەیرانی 2014 شاری مووسڵ و بەشێکی زۆری ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالەیان داگیر کرد.



میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە فەتوای ”عەلی سیستانی“، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق بۆ شوێنگرتنەوەی سوپای عێراق و بەرگریی کردن لە لێی لە دژی داعش، دامەزرا و لایەنە سوننەکانیش ئەو میلیشیایانە بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە وێرانکاریی و کوشتنی هەڕەمەکی لە ناوچەکانیان ئەنجام دەدەن.










باسنیوز
Top