بۆ رزگارکردنەوەی مووسڵ ئەنجومەنی وەزیرانی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق کۆدەبێتەوە
بەپێی بەیاننامەیەکی نووسینگەی راگەیاندنی ”حەیدەر عەبادی“، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا، کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ئەنجامدرا، گفتوگۆی لەبارەی ئامادەکارییەکان و پلاندنان بۆ رزگارکردنەوەی شاری مووسڵ کراوە، وێڕای تاوتوێکردنی بارودۆخی بەنداوی شارەکە.
عەبادی، کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە سەرپەرشتیی کۆبوونەوەکەی کردووە، باسی گرنگیی سەربەخۆیی دەزگا ئەمنییەکانی کردووە و رایگەیاندووە، ”رێگا بە چوونە ژێر باڵی هیچ لایەنـێک بە هێزە ئەمنییەکان نادەم“.
هەر بەپێی بەیاننامەکە، ئەنجومەنی وەزیرانی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق گفتوگۆی لەبارەی بەشی عێراق لە ئاوی رووبارەکان کردووە.
شاری مووسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا، لە مانگی حوزەیرانی 2014ـەوە، دوای شکست و هەرەسهێنانی سوپای عێراق، کەوتە ژێر دەسەڵاتی رێکخراوی توندڕەوی داعش.
باسنیوز
