بە هەزاران پەنابەری عێراقی لە فینلاندەوە دەگەڕێنەوە

بە هەزاران پەنابەری عێراقی لە فینلاندەوە دەگەڕێنەوە
بە هەزاران پەنابەری عێراقی کە ساڵی ڕابردوو چوونەتە فینلاند، بڕیاریان داوە لەسەر ویستی خۆیان بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.

دوێنێ هەینی ١٢ی شوباتی ٢٠١٦، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، بە هەزاران لەو پەنابەرانەی ساڵی ٢٠١٥ چوونەتە فینلاند و داوای مافی پەنابەرییان کردووە، لە ئێستادا بڕیاریان داوە دەستبەرداری مافی پەنابەریی ببن لەو وڵاتە و لەسەر ویستی خۆیان دەگەڕێنەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، تا ئێستا چوار هەزار و ١٠٠ پەنابەر داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەری لە فینلاند ڕەتکردووەتەوە و لە چەند مانگی داهاتووشدا ئەو ژمارەیە بۆ پێنج هەزار زیاد دەکات.

ئەوەش هاتووە، محێدین حەسەن کە بەڕەگەز سۆماڵییە و خاوەنی یەکێک لە نووسینگەکانی گەشتکردنە وتوویەتی، ڕۆژانە ١٥ بۆ ٢٠ تکتی گەشتکردن لە فینلاندەوە بۆ بەغدا دەفرۆشێت، کە پێشتر بەو شێوەیە نەبووە.

هاوکات دوو لەسەر سێی ئەو پەنابەرە عێراقیانەی ساڵی ڕابردوو گەیشتوونەتە فینلاند گەنجن و بڕیاریشە ئەو وڵاتە لەم هەفتەیەدا کارئاسانیان بۆ بکات تاوەکو بگەڕێنەوە.

ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٣٢ هەزار پەنابەر ڕوویان لە فینلاند کردووە، بەراورد بە ساڵی ٢٠١٤ ژمارەکە زۆر زیادی کردووە بە شێوەیەک لەو ساڵەدا سێ هەزار و ٦٠٠ پەنابەر ڕوویان لەو وڵاتە کردووە.

شەپۆلی کۆچی هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەرەو ئەوروپا بەردەوامە و تەنها لە ساڵی ٢٠١٦دا ٧٥٠ هەزار هاوڵاتی لەرێگەی دەریاوە پەڕینەتەوە بۆ ئەوروپا، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لە کۆی ئەم ژمارەیەش ٤٠٩ کەس لە دەریاکەدا خنکاون. گەورەترین روداوی نوقومبوونی بەلەم لە دەریای ئیجەدا مانگی رابردوو رویدا و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٤٠ کوردی باشوری کوردستان گیانیان لەدەستدا. تەرمی ٢٥ لە دۆزراوەکانی ئەو رووداوە بڕیارە ئەمڕۆ بگەنەوە هەرێمی کوردستان.

لە ساڵی ٢٠١٥دا، زیاتر لە ملیۆنێك پەنابەر و کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەوروپا. زیاتر لە ٨٠٠ هەزاریان لە دەریای ئیجەوە گەیشتوونەتە یۆنان و ١٥٠ هەزاریان گەیشتوونەتە ئیتاڵیا.





سەرچاوەكان
Top