خالید عوبێدی وەزیری بەرگریی عێراق : كاتی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵ تێناپەڕێت
رۆژی 6/2/2016 خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی عێراق لە میحوەری مەخموور سەربازگەیەكی نوێی بۆ سوپای عێراق كردەوە، بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا 4500 سەربازی عێراق بهێنرێنە سەربازگەكە.
خالید عوبێدی، وەزیری بەرگریی عێراق راگەیاند : كاتی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵ تێناپەڕێت، ئەوەش لە رێگەی تەكتیك و ئەزموونێكی نوێوە كە هێزە چەكدارەكانی عێراق لە شەڕەكاندا وەریانگرتووە، بە بەكارهێنانی چەكی نوێ كە داعشی پێ سەرسام دەكەین".
بە گوتەی بەرپرسان، هێنانی ئەو هێزە بۆ باشووری كوردستان ئامادەكارییە بۆ ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ. شاخەوان عەبدوڵڵا، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند "هاتنی سوپای عێراق بۆ هەرێمی كوردستان بە رێككەوتن و هەماهەنگی و بەشێوەیەكی كاتیشە، لەگەڵ كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ ئەو سەربازگەیە رادەستی هێزەكانی پێشمەرگە دەكرێت".
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاشكرای كرد كە سەربازگەكە بڕی 10 ملیۆن دۆلاری تێدا خەرجكراوە و بە هاوكاریی ئەمریكییەكان دروستكراوە. لە رێگای كەركووكیشەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان سەربازانی سوپای عێراق لەو سەربازگەیە جێگیر دەكرێن".
گوتیشی "هەریەك لە فیرقەكانی 15 و 16ی سوپای عێراق بەشداری ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ دەكەن، هەروەها پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی پارێزگای مووسڵ و پۆلیسی سنوور بەشدار دەبن".
بەپێی زانیارییەكان چەكدارانی حەشدی نیشتمانیش بە فەرماندەیی ئەسیل نوجێفی بەشداری ئۆپەراسیۆنەكە دەكەن، ژمارەشیان كە 5000 چەكدارە لە سەربازگە نوێیەكە جێگیر دەكرێن.
رۆژی 31/1/2016 شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق كۆبووەوە. بەپێی بەیاننامەیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو كۆبوونەوەیەدا "جەخت لەسەر كاری هاوبەش و پێكەوەیی و بەردەوامیی هەنگاوەكانی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوی تیرۆرستانی داعش بە مەبەستی ئازادكردنی شاری مووسڵ و هەموو ئەو دەڤەرانەی لەژێر دەستی داعشدان، كرایەوە".
(رووداو) زانیویەتی لە كۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستاندا، نێچیرڤان بارزانی باسی جێگیركردنی سوپای عێراقی لە مەخموور كردووە و گوتوویەتی هاتنەكەیان كاتییە و لەگەڵ كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ دەڕۆن، چەند وەزیرێكیش داوای گەرەنتی رۆیشتنی هێزەكەیان لە سەرۆكوەزیران كردووە، ئەویش دڵنیایی داونەتێ.
هەر لەوبارەوە خالید حەدیدی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ رایگەیاند "ئێستا 3 لیوا لەو سەربازگەیە جێگیركراون، بڕیاریشە 4500 سەربازی دیكەی فیرقەی 15 بگەنە ئەو سەربازگەیە و ئامادەكارییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ بچنە قۆناغێكی دیكەوە".
بەپێی زانیارییەكان ئەو سەربازە عێراقییانە كە زۆربەیان عەرەبی سوننەن و لەو سەربازگەیەی مەخموور جێگیر دەكرێن، لەلایەن راهێنەرانی ئەمریكی و هاوپەیمانانەوە بۆ شەڕی مووسڵ ئامادە دەكرێن.
نەجات عەلی، بەرپرسی میحوەری مەخمووری هێزی پێشمەرگە كاتی هاتنی هێزەكەی ئاشكرا كرد و گوتی "بڕیارە هێزەكانی سوپای عێراق رۆژی 10/2/2016 بگەنە سەربازگەی مەخموور، ئەو سەربازگەیەش كاتییە، چونكە بە كابینە و خێمە دروستكراوە".
سەبارەت بە هێنانی چەكی قورس و پێشكەوتوو بۆ مەخموور، نەجات عەلی گوتی "بێگومان چەكی قورس و پێشكەوتوو دەهێنن، چونكە شەڕی مووسڵ ئاسان نییە، جگە لەوە شەڕەكە بەشێوەی قۆناغ بە قۆناغ دەستپێدەكات، بەڵام ئێمە لەگەڵیان رێككەوتووین تا ئەو خەندەقەی لێمانداوە سەرجەم هێزەكانی سوپای عێراق لە ژێر فەرمانی ئێمەدان".
بەبڕوای ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، ئامادەكارییەكانی شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ لە ئاستی پێویستدا نییە دەڵێ "بە بڕوای خۆم ئەمساڵیش مووسڵ كۆنترۆڵ ناكرێتەوە".
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە كاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ ئاماژەی بەوەدا كە هیچ شتێكی نوێ لە ژووری هاوبەشی وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیماناندا نییە.
سەبارەت بە هاتنی سوپای عێراقیش بۆ مەخموور، جەبار یاوەر گوت "ژمارەی ئەو سەربازانە و جۆری چەكەكانیش كە دەهێنرێتە ئەو سەربازگەیە بە ئاگاداری و زانیاریی وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت و جێگیركردنی ئەو هێزەش كاتییە، لەگەڵ ئازادكردنی مووسڵ دەڕۆن".
لە كۆبوونەوەی ژمارە 40ی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا كە میوانداریی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكان و بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس و پارێزگاری نەینەوا كرابوو، ئەو فەرماندانە ئاشكرایان كردبوو كە ئەمریكا 150 ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ تەرخان كردووە.
رۆژی 10ی حوزەیرانی 2014 چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر شاری مووسڵی سەنتەری پارێزگای نەینەوا و لەئەنجامدا فیرقەی 2 و 3ی سوپای عێراق كە لە شارەكە بوون، شكان و شارەكە كەوتە دەستی داعش.
رووداو
