عەبادی راگەیێندراوێكی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بڵاوکردەوە
لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا، نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی، لەسەر بەرنامەیەکی کاری هاوبەش رێککەوتن.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە 31-1-2016 حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لەسەر بەرنامەیەکی کاری هاوبەش رێککەوتن، کە ئەرک و مافەکانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم پارێزگاکانی دیکە دیاریبکات.
عەبادی جەختیکردووەتەوە لەسەر بەردەوامیدان بە دیدار و کۆبوونەوە هاوبەشەکان، بەمەبەستی گەیشتن بە تێگەیشتنی هاوبەش لەبەرامبەر تەحەدییەکان و رێککەوتن لەسەر بەرنامەیەکی هاوبەشی روون، کە بەرژەوەندی وڵات لەبەرچاوبگرێت و ئەرک و مافەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە دابین بکات.
لەکۆبوونەوەکەدا عەبادی رایگەیاندووە "دووژمنمان هاوبەشە، دەیەوێت هەموو ئەو ناوچانە کاولبکات کە داگیری دەکات و پێویستە هەوڵەکانی هێزە چەکدارەکان بەردەوام بێت لە نێوانیشیاندا هێزی پێشمەرگە".
هەروەها عەبادی ئاماژەی بە بەردەوامی پەیوەندییەکان کردووە لە پێناو کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ و ناوچەکانی دیکە.
بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نێچیرڤان بارزانی جەختیکردووەتەوە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی دیدار و کۆوبونەوەی خولی و پیرۆزبایی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری رومادیشی لە عەبادی کردووە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکراوە لەسەر رەوشی دارایی و تەحەدییەکانی بەردەم ئابووری وڵات، بە تایبەتی دوای هەرەسهێنانی نرخی نەوت. هاوکات رێککەوتن کراوە لەسەر بەرنامەیەکی چاکسازی ئابووريی، تاوەکو بە تەنیا پشت بەنەوت نەبەسترێت، وەک تاکە سەرچاوەی داهاتی نیشتمانی.
رووداو
