پۆلیسی ئەنبار كوژرانی بەرپرسی دارایی داعش رادەگەیێنێت
پۆلیسی پارێزگای ئەنبار كوژرانی بەرپرسی دارایی رێكخراوی داعش و 5 چەكداری ديكەى لە رۆژهەڵاتی شاری روومادی راگەیاند.
سەرچاوەیەك لە نووسینگەی راگەیاندنی پۆلیسی پارێزگای ئەنبار رایگەیاند: "رۆژی شەممە 30-1-2016 هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە ناوچەی سەجارییە لە رۆژهەڵاتی شاری روومادی هەڵیانكوتایە سەر چەكدارانی داعش و لە ئەنجامدا محەممەد سامر بەدراوی، بەرپرسی دارایی رێكخراوی داعش لە روومادی لەگەڵ ژمارەیەك لە چەكدارانی یاوەری كوژران".
سەرچاوەكە هەروەها گوتی: "بە ئامانجی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكە و تێكشكاندنی خاڵە سەربازییەكانی پێشەوەی چەكدارانی داعش، هێزە ئەمنییەكان و سوپا و پۆلیس، بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان سەنگەرەكانی پێشەوەی چەكدارانی داعشیان بە چڕی تۆپبارانكرد".
بەپێی سەرچاوە ئەمنییەكان قۆڵی رۆژهەڵاتی روومادی ناوچەكانی سەجاریە، جوبیە، حەسێبە و جەزیرەی خالیدیە دەگرێتەوە، كە دوایین پێگەی داعشن لە ناوچەكە، پێشبینی دەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوو لەلایەن هێزە ئەمنییەكان كۆنترۆڵبكرێتەوە.
رۆژی دووشەممە 28-1-2015 فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان كۆنترۆڵكردنەوەی شاری روومادی لە رۆژئاوای شاری بەغدا لە دەست چەكدارانی داعش راگەیاند، كە لە مانگی 5-ی رابردووەوە كۆنترۆڵیانكردبوو.
رووداو
