سێ سەرۆکایەتییەكەی عێراق و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان کۆدەبنەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 28-1-2016 بە سەرپەرشتی فوئاد مەعسوم، سەرۆککۆماری عێراق هەر سێ سەرۆکاتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەن و هێزە سیاسییەکانی عێراق کۆدەبنەوە.
سەرەڕای بڕیاری كۆبوونەوەكە، بەڵام خەسرۆ گۆران، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و د. موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەوان ئاگاداری کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە نین و هیچ داوەتنامەیەکیان بەدەست نەگەیشتووە.
ماکۆک شێخ محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی رۆژنامەڤانی سەرۆککۆماری عێراق گوتی "بانگهێشتی سەرجەم لایەنەکان کراوە، بەڵام مەرج نییە سەرۆک فراکسیۆنەکان ئامادەی کۆبوونەوەکە بن، بەڵکو سەرکردەی هێز و لانە سیاسییەکان بەشداردەبن".
بەرپرسی نووسینگەی رۆژنامەڤانی سەرۆککۆماری عێراق نمونەی بەوەهێناوە، کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ هەریەک لە عومەر فەتاح، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وەک نوێنەری یەکێتی و هۆشیار زێباری، وەزیری دارایی عێراق وەک وەک نوێنەری پارتی بانگهێشتکراون و ئامادە دەبن.
ماکۆک شێخ محەممەد، گوتیشی" لەکۆبوونەوەکەدا بارودۆخی ئێستای عێراق و رووداو و پێشهاتەکان و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداش گفتوگۆیان لە بارەوە دەکرێت".
رووداو
