حەیدەر عەبادی: بە هاوکاری پێشمەرگە سەركەوتنمان بەدەستهێناوە
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئیسلامی دژ بە تیرۆر کە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند "عێراق هەموو هەوڵێکی داوە بۆئەوەی بتوانێت دژ بە شەڕی تیرۆر زاڵبێت، لەو بوارەشدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا گەل و حکومەتی عێراق باخی زۆریان بە شەڕی تیرۆر داوە".
عەبادی راشیگەیاند "داعش لە سووریا کاری بۆ ئەوە کرد دەربازی عێراق ببێت، کردیان و هاتنە نێو خاکی عێراق و رۆڵەکانیان کوشتین، بە سەدان هەزار کەس بەهۆی رەفتارەکانی داعشەوە ئاوارەبوون و، شوێنەکانیان کەوتنە دەست داعش، داعش بە هەزاران کەسی لە سوننە و شیعە کوشتووە و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها گوتی" یەکێک لە ئامانجە دیارەکانی داعش ئەوەیە لە عێراق کار بۆ تۆخبوونەوەی شەڕی تایەفی و مەزهەبی دەکات و بەبێ جیاوازی سوننە و شیعە دەکاتە ئامانج، لەبەرامبەریشدا حکومەتی عێراق و سوپا و هێزە ئەمنییەکان بەبێ جیاوازیکردن بەرگری لە رۆڵەکان و لە هەموو ناوچەکانی خاکی عێراق دەکەن، بێئەوەی ئاماژە بەوە بکەن ئەو ناوچانە سوننین یان شیعەن، هەموومان بەیەکەوە لەگەڵ هاوکاری و پشتیوانی پێشمەرگە ئەرکی پاراستنمان گرتووەتە دەست و شەڕی تیرۆرمان کردووە".
حەیدەر عەبادئ لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، لە سنووری پارێزگای ئەنبار و شاری رومادی، کە گه ورەترین رووبەری عێراقە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هاوکاری دژەتیرۆر و هێزەکانی حەشدی شەعبی شەڕێکی قوڕسیان ئەنجامداوە.
گوتیشی " داعش هەموو هەوڵێکیدا بۆئەوەی زۆرترین تاوان دژ بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەنجامبدات و خەڵکی سڤیلی وەک قەڵغان بەکارهێنا، بەڵام ئێمە توانیمان بەسەر داعش زاڵبین و سەرکەوتنمان بە خوێن تۆمارکرد و، بە گیان بەرگریمان لە پاراستنی خاکی عێراق و خەڵکەکەمان کرد".
رووداو
