ئەمریکا بەبڕی دوو ملیار دینار چەک بە عێراق دەفرۆشێت
وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا (پنتاگۆن) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، وڵاتەكەی رەزامەندی دەربڕیوە: بۆمبی زیرەك، مووشەكی جۆریAIM-9M Sidewinder و هەندێك كەرەستەی دیكەی سەربازی بفرۆشێتە عێراق، کە بەهای گرێبەستەكە ملیارێک و 950 ملیۆن دۆلارە.
ئاژانسی هاریكاری ئاسایش و بەرگری سەر بە پنتاگۆن پێشنیازی گرێبەستەكەی خستووەتە بەردەم كۆنگرێسی وڵاتەكەی بۆ بفرۆشتنی ئەو چەکانە بە عێراق.
سەرەڕای ئەوەی ئەم جۆرە گرێبەستانەی چەك دەگمەنن و پێش ئەوەی بخرێنە بەردەم كۆنگرێس بەوردی بەدواداچوونیان بۆ دەكرێت، بەڵام كۆنگرێس تەنها 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ راگرتنی گرێبەستەكە.
هەروەها بەپێی گرێبەستەكە پشتگیری تەکنیکی و میكانیكیش پێشكەش دەكرێت بۆ چاککردنەوەی ئامێر و کەلوپەلەکان و. داواشکراوە 400 پیشەوەری ئەمریكی بەوهۆیەوە تاوەکو ساڵی 2020 لەعێراق مافی نیشتەجێبوونیان پێ بدرێت.
پنتاگۆن پێوایە ئەو رێککەوتنە و پێدانی چەک بە عێراق، ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بەهێزتر دەکات.
ئەو هەنگاوانە لە کاتێکدا هێزێکی تایبەتی ئەمریکی، کە لە هەزار و 800 سەرباز پێکهاتوون، رۆژی سێشەممە 19/1/2016 گەیشتوونەتە سەربازگەی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار.
سەربازگەی عەین ئەسەد، دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار و 200 کم لە رۆژئاوای بەغدا دوورە.
ئەفسەرێکی باڵای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی جەزیرە و بادیە-ی عێراق باس لەوە دەکات، ئەو هێزە ئەمریکەیی خاوەن لێهاتوویەکی بەرزی جەنگین و، چەکی پێشکەوتوویان پێیە، بەشدار دەبن لەگەڵ هێزە عێراقییەکان و هۆزکان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی پارێزگای ئەنبار و بەتایبەتی ناوچەی هیت و دەوروبەی حەدیسە و قائیم-ی نزیک سووریا و روتبەی نزیک سنووری ئوردن، هەروەها لە پاراستنی رێگەی نێودەوڵەتی نێوان عێراق و ئوردن.
ئەو هێزە بەشداری لە شەڕەکان و مەشقپێکردنی هێزەکان دەکەن و، لێکۆڵینەوە لەسەر ناوچەی جوگرافییەکانی ژێر دەستی داعش دەکەن. هاوکات یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی هێزە ئەمریکییە دابڕاندی داعشە لە نێوان عێراق و سووریادا.
رووداو
