وەزارەتی دەرەوەی عێراق لیستی رەشی بۆ 30 باڵیۆز پێکهێناوە

 وەزارەتی دەرەوەی عێراق لیستی رەشی بۆ 30 باڵیۆز پێکهێناوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڕیاریداوە 30 باڵیۆز و کۆنسوڵ لە کارەکانیان دووربخاتەوە و 7 باڵیۆزیشی بەهۆی ساختەبوونی بڕوانامەکانیان دوورخستووەتەوە.

سەمیرە موسەوی، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "دەمێكە وەزارەتی دەرەوەی عێراق كار لەسەر دوورخستنەوەی ئەو باڵیۆزانە دەكات كە خاوەنی 2 رەگەزنامەن، چونكە كاریگەری نەرێنییان لەسەر سیاسەت و دیپلۆماسیەتی عێراق هەیە لە دەرەوە. ئێمە لە لێژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمان لەمبارەیەوە قسەمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق كردوە، ئەویش بەڵێنیداوە سنوورێك بۆ ئەم پرسە دابنێت".

موسەوی گوتیشی "هەروەها ژمارەیەك باڵیۆز و کونسوڵ هەن بڕوانامەی ساختەیان هەیە، وەزارەتی دەرەوە لیستێكی بەناوی ئەو باڵیۆزانە ناردوەتە پەرلەمان، وەزیری دەرەوەی عێراقیش جەختیكردەوە ئەم گەندەڵییانە هی سەردەمی حكومەتی پێشووە، بەڵام ئەركی سەرشانی وەزیری دەرەوەیە ئەو هەڵانەی حكومەتی پێشوو راستبكاتەوە".

هەر لە چوارچێوەی چاكسازییەكاندا، ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عیراق دەیەوێت ناوی هەموو ئەو باڵیۆزانە پێشكەش بە ئەنجوومەنی وەزیران بكات كە خاوەنی 2 رەگەزنامە و بڕوانامەی ساختەو نەشیاون بەمەبەستی دوورخستنەوەیان لە پۆستەكانیان، لیستەكەش 30 ناوی باڵیۆز لەخۆدەگرێت، مانگی ئابی رابردووش جەعفەری 7 باڵیۆزی لە كارەكانیان دوورخستەوە کە خاوەنی بڕوانامەی ساختەبوون.


















رووداو
Top