ئەیاد عەللاوی: کارەسات و دابەشبوون چاوەڕێی عێراقە
ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانی و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق لە هەڤپەیڤنێکدا لەگەڵ (سایتی ئیلاف) هۆشداری لەبارەی روودانی کارەساتێکی گەورە لە عێراق دەدات و رایدەگەێنێ ناکۆکی تووند لە نێوان لایەنەکان هەیە و هەمووشیان چەکدارن و میلیشایایان هەیە، هەریەکەشیان خۆی پێ راستە و ئەوانی دیکە بە هەڵە دەزانێت، هەموو ئەمانە مانای وایە لە عێراق دەوڵەت نییە، بەڵکو دەسەڵات هەیە، بۆیە ئەگەر لەو تەنگژەیە دەرباز نەبین، عێراق لە داهاتوودا تووشی کارەسات و دابەشبوون دەبێتەوە.
عەللاوی پێوایە چەندین بۆمب لە عێراق هەن و ئەگەر هەیە بتەقنەوە، لەوانە بارودۆخ لەگەڵ کورد، بەسرە، موسڵ و داعش و هەر پارێزگایەک لە پارێزگاکان، بەڵام دەڵێ تەقینەوەی بۆمبەکەی بەسرە لە هەموویان ئەگەری زیاترە، بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەر و گرنگیی ئابووری و پێگەی ستراتیژییەکەیەوە.
ئەیاد عەللاوی، دەڵێ "ئەگەر دابەشبوون رووبدات(خوا نەخواستە) لەسەر بنەمای تایفی و مەزهەبی بێت، ئەوا رووبەڕووی شەڕێکی نەبڕاوە دەبینەوە، ئەگەر لەسەر بنەمای نەتەوەیی بێت، ئەوا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووچاری کێشەیەکی نەبڕاوە دەبینەوە، من دژی ئەوەنیم برایانی کورد بڕیار لە مافی چارەنووسی خۆیان بدەن و ببنە دەوڵەت، بەڵام کات و قەبارەی ئەو دەوڵەتە لە هەموو روویێکەوە جێگەی پرسیارە".
هەر لە هەڤپیەڤینەکەدا عەللاوی ئاماژە بەوە دەکات "ئێمە پێشتر رێککەوتووین، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵی دیموکراسییە و ئەمەش لە دەستووردا هاتووە، بەڵام لە دەستووردا نەهاتووە ئەو ناوچەیە بۆ کورد و ئەمە بۆ سوننە و ئەمەش بۆ شیعە".
هەروەها دەڵێ "عێراق لە لێواری ئاگر دایە و ئەوەی گرنگە رێگە نەدەین بکەوینە ناو ئاگرەکەوە، چونکە هیچکام لە کورد، سوننە، شیعە و مەسیحی رزگاریان نابێت، ئەمڕۆ هەموو عێراقییەکان بەرپرسن لەسەرئەوەی کۆببنەوە لە پێناو رزگارکردنی عێراق".
ئەیاد عەللاوی دژایەتی خۆی بۆ پێکهێنانی پاسەوانی نیشتمانی رادەگەیێنێت و رەخنەش لە کارەکانی حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی دەگرێت و دەڵێ "پێموانییە ئەمساڵ ساڵی لەناوبردنی گەندەڵی بێت، ئەو کاتەی سەرۆکوەزیران بووم و سێ وەزیرم رەوانەی لێکۆڵینەوە کرد و، دکتۆر بەرهەم ساڵح-م بۆ ئەو کارە راسپارد، بەڵام ئایا ئێستا گوێیست بوونە وەزیرێک دادگایی و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت؟".
روداو
