فڕۆکەیەکى عێراق بۆردومانی حەشدی شەعبی کرد
ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری ئەحمەد ئەل ئەسەدی، وتەبێژی حەشدی شەعبی بڵاویکردەوە "بۆردومانەکە ڕۆژى شەممە، ٩ى کانونى دووەمى ٢٠١٦ کاتژمێر ١٠ ی شەو ڕوویداوە و لە سەرەتادا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە موشەکێکی خستوەتە خوارەوە و پاش ٧ خولەکی دیکەش دوو موشەی دیکەی خستووەتە خوارەوە".
ناوبراو وتیشی "ئەو ٩ کەسەی بەهۆی بۆردومانەکانەوە کوژراون لە کەتایبی جونل ئیمام بوون و ١٤ کەسی دیکەشیان برینداربوون".
ئەسەدی ئاماژەی بەوەکرد "ئێمە لە ژێر هێرشدابووین و داوای هاوکاری هیزە زەمینیەکانمانکرد، بەڵام پێش ئەوەی هاوکارییەکەمان پێبگات فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە بۆردومانەکانی ئەنجامدا".
هەروەها ڕاشیگەیاند "بۆردومانەکان لە نزیک بنکەی سەربازی سپایکەر لە باکوری ڕۆژئاوای تکریت ڕوویداوە و لە ئێستاشدا حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لێکۆڵینەوەی لەبارەی ڕووداوەکە دەستپێکردووە".
هێزەکانی هاوپەیمانانی دژی داعشیش کە بۆردومانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش دەکات بڵاویکردەوە کە فڕۆکەکانیان لەو کاتەدا هیچ بۆردومانێکیان لە ناوچەکەدا ئەنجامنەداوە.
