لە مەگدۆنیا 16 کۆچبەری عێراقی لەنێو بارهەڵگرێک رزگارکران
پۆلیسی مەقدۆنیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە " بارهەڵگرێک 16 کۆچبەری عێراقی و 15ی ئێرانی و دوو ئەلبانی هەڵگرتووە لە رۆژی شەممەی رابردوودا، بەڵام لە ناوچەی کۆمانۆڤۆ شۆفێرەکە ئۆتۆمبێلەکەی جیهێشتووە وکۆچبەرەکانیشی لەناوەوە جێهێشتووە".
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکانی مەقدۆنیا " بارهەڵگرەکە یەک دەرگای هەیە کە لە دەرەوە دادەخرێت، دیوارەکانیشی ئەستوور و قایمن، بەڵام کۆچبەران توانیویانە لەناوەوە دەرگاکە بشکێنن" ئاماژەیان بەوەش داوە " هەندیک لەو کۆچبەرانە لە دۆخێکی تەندروستی خراپدا بوون".
هەر بە پێی پۆلیسی مەقدۆنیا " کۆچبەرەکان لە یۆنانەوە هاتوون و لە باشووری مەقدۆنیاوە سواری ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەکە بوون، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەش ساختە بووە".
هەر 16 عێراقییەکە گەیەندراونەتە سەنتەریکی تایبەت بە کۆچبەران لە سەر سنووری سربیا و مەقدۆنیا و رێگایان پێدرا بەردەوام بن لە کۆچەکەیان بەرەوە یەکێتی ئەوروپا. پۆلیسی ئەو وڵاتە لەمبارەیەوە رایگەیاندووە " مەقدۆنیا تەنیا رێگا بەو کۆچبەرانە دەدات سنورەکانیان ببرن کە لە وڵاتی خۆیان شەڕ هەیە".
لە کۆتایی مانگی ئابدا، لە نەمسا بارهەڵگرێک دۆزرایەوە کە تەرمی 71 کۆچبەری تێدابوو، دوای ئەوەی قاچاخچییەکان ئۆتۆمێلەکەیان جێهێشتبوو و دەرگاکانیشیان نەکردبووەوە، هەموویان کە زیاتر لە 50 کۆچبەریان کوردیان تێدابوو لە نێو بارهەڵگرەکەدا خنکابوون.
رووداو
