سوپای عێراق یەكەم سەركەوتنی لە موسڵ بەسەر داعشدا تۆماركرد
محەممەد ئیبراهیم، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی یەکشەممە 3-1-2016 رایگەیاند "هێزێکی عێراقی سەر بە فیرقەی ئەرکە تایبەتەکان لە سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنێکی دابەزینی ئاسمانیان بۆسەر گوندی ئەلجدعەی سەر بە شارەدێی گەیارە ئەنجامدا و توانیان گوندەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ بکەنەوە".
محەممەد ئیبراهیم ئاماژەی بەوە كردووە "فڕۆکە عێراقییەکان ئۆپەراسیۆنی دابەزینی ئاسمانیان بۆسەر گوندەکە ئەنجامدا و شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئەو هێزە عێراقییە و چەکدارانی داعش لە دەوروبەری گوندەکە دروستبوو، هاوکات فڕۆکە جەنگییەکان پێگەکانی داعشیان لە دەوروبەری گوندەکە بۆردوومانکرد".
دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق لە 10-6-2014، رێكخراوی داعش تەواوی شاری موسڵ و ژمارەیەك ناوچەی سەر بە پارێزگاكانی ئەنبار، سەڵاحەدین، دیالەو کەرکووکی كۆنترۆڵكرد، ئێستاش بەشێكی زۆری ئەو ناوچانە بەدەست رێكخراوەكەن و كۆنترۆڵ نەكراونەتەوە، هێزی پێشمەرگە و ئەمریكاش چەند ئۆپەراسیۆنێكی دابەزینیان بۆ نێو خاكی داعش بەتایبەت لە حەویجە ئەنجامداون.
رووداو -
