موسڵ نامەباران دەكرێت و مژدە بە خەڵكەكەی دەدرێت

موسڵ نامەباران دەكرێت و مژدە بە خەڵكەكەی دەدرێت
فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق بڵاوكراوە بۆ خەڵكی موسڵ فڕێدەدەنە خوارەوە و داوایان لێدەكەن خۆیان لە بارەگاكانی داعش بەدوور بگرن. مژدەی ئەوەشیان پێدەدەن كاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی نەینەوا نزیكە.

سەعید مەموزینی، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی لقی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە موسڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 21-12-2015، فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق بڵاوكراوەیان بۆ خەڵکی موسڵ هەڵداوەتە خوارەوە و داوایان لێكردوون خۆیان لە بارەگاكانی چەكدارانی داعش بەدوور بگرن".

لە بڵاوكراوەكاندا مژدەی ئەوە بە خەڵکی موسڵ دراوە، كە وادەی كۆنترۆڵكردنەوەی شارەكە لەدەست چەكدارانی داعش نزیكبووەتەوە و، داوای كۆنترۆڵكردنەوەی شاری رومادی هێزە ئەمنییەكان ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری موسڵ دەستپێدەكەن.

مەموزینی ئاماژەی بەوەش کرد، لە گوندی عەین جەحش لە شارەدێی شوورا كە دەكەوێتە باشووری موسڵ، كۆمەڵە چەكدارێكی نەناسراو ئەمیرێكی كوردی داعشی سەر بە هۆزی گەرگەرییان بەناوی (عیماد موستەفا عەبدۆ) كوشتووە.

لە ناوچەی حەمام عەلیلیش لە باشووری موسڵ كەسێك كە دانیشتوی شاری موسڵە، خۆی لەنێو بارەگایەكی چەكدارانی داعشدا تەقاندووەتەوە و 7 چەكداری رێكخراوەكەی كوشتوون، بەپێی زانیارییەكان ئەو خۆكوژە پێشتر باوك و دوو برای لەلایەن داعشەوە كوژراون.














رووداو
Top