لیستەکەی عەللاوی داوای سەربازیکردنی بە زۆرەملێ دەکات

 لیستەکەی عەللاوی داوای سەربازیکردنی بە زۆرەملێ دەکات
پەرلەمانتارێکی ئیئتیلافی نیشتیمانی، کە ئەیاد عەللاوی سەرۆکایەتیی دەکات، داوادەکات سەربازیکردنی بە زۆرەملێ لە عێراق کاری پێبکرێت.



جەمیلە عوبەیدی، پەرلەمانتاری ئیئتیلافی نیشتیمانی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووە، کە یاسای پاسەوانی نیشتیمانیی، کۆمەڵێک کێشە و ناکۆکی لەنێوان کوتلەکانی پەرلەمانی عێراق دروست کرد.



سوننەکان پشتگیریی یاسای پاسەوانی نیشتیمانی دەکەن و داوا دەکەن، هەر پارێزگایەک، پاسەوانی نیشتیمانیی خۆی لە هاووڵاتییانی خۆی دروست بکات و لایەنە شیعەکانیش داوادەکەن هەموو هاووڵاتییانی عێراق لە هەر پارێزگایەک، ببنە سەربازی ئەو سوپایە.



جەمیلە عوبەیدی وەک نێوەندگیرییەک، داوادەکات عێراق لەمەودوا کار بە سەربازیکردنی بە زۆرەملێ بکات و پێیوایە، یاسای خزمەتی سەربازی کاریگەرییەکی باشی لەسەر دروستکردنی بناغەکانی دەزگای سەربازیی عێراق دەبێت.



دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لەساڵی 2003، یاسای سەربازیکردنی زۆرەملێ هەڵوەشایەوە، کە پێشتر رژێمی بەو یاسایە کاردەکرا و هەر گەنجێکی کوڕ تەمەنی بگەیشتبایە 18 ساڵ دەبا خزمەتی سەربازیی بکات، کە بەهۆی شەڕەکانی سەدام حوسێن، کاتی ئەو خزمەتە دیارینەکراو بوو.



پێشتریش بەشێک لە پەرلەمانتاران داوای کارکردنیان بە سەربازیکردنی بەزۆرەملێ کردبوو، بەڵام یاسای پاسەوانی نیشتیمانیی لەلایەن هەندێکیانەوە پێشنیاز کرا، بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکان لەسەر سەربازیکردن بە زۆرەملێ.








باسنيوز
Top