عەبادی: پێویستمان بەهێزی بێگانە نییە
حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک رایگەیاندووە، کە لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ ”هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان“، پێشوازییان لە هاوکاریی سەربازیی و چەک و تەقەمەنییەکان بۆ سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردووە.
بەپێی گوتەکانی حەیدەر عەبادی، عێراق پێویستیی بە ”هێزی زەمینیی بێگانە“ نییە، کە بێتە عێراق و بەشداریی شەڕی داعش بکەن.
لە سەروبەندی هێرشی داعش بۆ سەر موسڵ و بەشێک لە پارێزگاکانی نێوەڕاستی عێراق لە حوزەیرانی 2014، سوپای عێراق لەو ناوچانە هەرەسی هێنا و مەرجەعە باڵاکانی شیعەش فەرمانی ”جیهاد“یان دا و عەبادیش رەزامەندیی دەربڕی لەسەر پێکهێنانی میلیشیای حەشدی شەعبیی شیعە مەزهەب، بەڵام لە شەڕی داعش، سەرکەوتوو نەبوون.
دوای تەقینەوە و هێرشە تیرۆریستییەکانی توندڕەوان لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا لە رێکەوتی 13ـی تشرینی دووەمی رابردوو، بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی جیهان ئاماژەیان بەوەکردووە، کە دەبێ هێزی زەمینی بنێردرێتە عێراق بۆ بنبڕکردنی داعش.
تاوەکو ئێستا و بە شایەدیی وڵاتانی رۆژئاوا، تەنها هێزی پێشمەرگەی کوردستان شەڕی زەمینیی داعش دەکات و ناوچەیەکی فراوانی کوردستانیشی لەژێر دەستی ئەو رێکخراوە دەرهێناوە، کە دیاریترین ناوچەکانیش، رزگارکردنەوەی شارۆچکەی شنگال بوو لە رۆژی 13ـی تشرینی دووەمی رابردوو، کە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ سەرپەرشتی ئ٠ۆپەراسیۆمنی رزگارکردنەوەکەی دەکرد.
باسنیوز
