عوبەیدی: لە چەند رۆژێكی كەمدا شاری رومادی كۆنترۆڵدەكەینەوە
نووسینگەی راگەیاندنی خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند" هێزە ئەمنییەكانی عێراق بە پاڵپشتی چەكدارانی حەشدی هۆزەكان و فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سوپای عێراق، لە هەر چوار قۆڵەكانی شاری رومادی لە پێشڕەویدان، بەتایبەتی لە قۆڵی رۆژئاوا".
نووسینگەی راگەیاندنی خالید عوبەیدی هەروەها رایگەیاند:" بەپێی دوایین پێشهاتەكانیش ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری رومادی لە ماوەی چەند رۆژێك تەواو دەبێت و دواتر ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانی دیكەی سنووری پارێزگای ئەنبار دەستپێدەكرێت".
ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازیە وەک لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی وەزیری بەرگری عێراقدا هاتووە" سەرجەم پارێزگاكان دەگرێتەوە، سەرەڕای ئەو ناوچانەی پێش كۆنترۆڵكردنی شاری موسڵ لە 10 حوزەیرانی 2014 چەكدارانی داعش وەكو حەشارگە بەكاریان دەهێنان".
لە 13 ی تەمموزی 2015 وەزارەتی بەرگریی عێراق بە بەشداریی زیاتر لە 10 هەزار چەکدار لە سوپا و پۆلیس و حەشدی شەعبی، پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای ئەنباری لە دەست داعش راگەیاند.
زیاتر لە دوومانگیشە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای ئەنبار لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە راگەیێندراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە شاری رومادی کۆنترۆڵبکەنەوە.
رووداو
