کۆنترۆڵکردنەوەی چەند ناوچەیەکی ستراتیژی لە ئەنبار راگەیێندرا

 کۆنترۆڵکردنەوەی چەند ناوچەیەکی ستراتیژی لە ئەنبار راگەیێندرا
شانەی راگەیاندنی جەنگی کۆنترۆڵکردنەوەی چەند ناوچەیەکی ستراتیژی لە رۆژئاوای عێراق لەژێر دەستی چەکدارانی داعش راگەیاند، لەگەڵ کوژران و بریندرابوونی 27 چەکداری داعش.

بەپێی راگەیێندراوێکی شانەی راگەیاندنی جەنگی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کە ئەمڕۆ سێشەممە 27 ی تشرینی یەکەمی 2015 بڵاویکردووەتەوە، لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەدێی بەغدادی لە رۆژهەڵاتی ئەنبار لەلایەن ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرەو بادیە، 21 چەکداری داعش كوژراون و 6 چەكداری دیكەش برینداربوونە.

شانەی جەنگی لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوە داوە، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە ئەو رێگایە پاکبکەنەوە کە لە شاری حەدیسەوە بۆ شارەدێی بەغدادی درێژدەبێتەوە و، بنکەی ئاسامانی (عەین ئەلئەسەد) لەخۆدەگرێت، کە راوێژکارە ئەمریکییەکان و هێزەکانی مارێنزی لێ جێگیرکراون.

هێزە عێراقییەکان توانیویانە بنکەی تەندروستی بەغدادی و شارەدێی بەغدادیش لە رۆژهەڵاتی رومادی لە چەکدارنی داعش پاکبکەنەوە، هەروەها تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی بۆمبیش توانیویانە 64 بۆمبی چێندراو، 5 مووشەک بەنێوی "جەهەنەم"، دروستکراوی نێوخۆی چەکدارانی داعش، لەگەڵ 4 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو بتەقێننەوە، 3 خانوو و ئەمبوڵانسێکی بۆمبڕێژکراویش پووچەڵبکەنەوە.

شاری رومادی، ناوەندی پارێزگای ئەنبارە و دەکەوێتە رۆژئاوای عێراق، لەماوەی نێوان رۆژانی 14 تاوەکو 17ی مانگی ئایاری ئەمساڵ، بەبێ بەرگرییەکی ئەوتۆ کەوتە دەست داعش. رۆژی 13ی مانگی تەمموز، وەزارەتی بەرگریی عێراق پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی پارێزگای ئەنباری لەژێر دەستی داعش بە بەشداری زیاتر لە 10 هەزار چەکدار لە سوپا و پۆلیس و حەشدی شەعبی راگەیاند.













رووداو
Top