"یاسا لهم وڵاتهدا نهماوه"
(د. ئەشواق جاف) ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پێم ڕاگەیەندراوە كە هێزە شیعەكان لەو ڕێگایانەی بەرەو بەغدا و باشووری عێراق دەڕۆن سوكایەتی بە كوردەكان دەكەن و دەستگیریان دەكەن و یان ڕێگە بە تێپەربوونیان نادەن. ئەم هیزانەی ئەم كارانەش دەكەن بەرانبەر بە كورد كەس نازانێ كێن و سەربە كام گروپ و پارتی شیعین،چونكە هەریەكەو ناوێكی لێیەو گوێ بەیاساش نادەن. بەڵام من بابەتەكەم بە سەركی كوتلەی بەدری نیابیە لە ئەنجومەنی نوێنەران راگهیاند كه سووكایەتی بە هاووڵاتیانی كورد دەكرێت لەم ڕێگایانە و تەواوی بابەتەكەم پێی گەیاند، ئەویش داوای كرد بازگەو ناوچەكانی بۆدیاری بكەم بۆئەوەی بنەبر بكرێت. ئەوەبوو شوێنەكانمان دەست نیشان كردو گۆرانكاری گەورەیان كرد. دواتر خۆیشم ئاگادار كرامەوە كە ڕەوشی ناوچە دەستنیشانكراوەكان سەداسەد گۆڕدراوە و باش بووە."
(جاف) گوتیشی "ئێمە لەكاتی ئاگاداربوونمان لە پیشێلكاری و سووكایەتی و ڕفنادنی كوردەكان لە ڕێگاكانی بەغدا پەنا نابەین بۆ یاسا چونكە لەم وڵاتە وێرانە یاسا بوونی نییە، ئەگەر بتەوێ لە ڕێی یاساوە بزانی كێ بەرپرسە لەم تاوانە ئاوا هەرگیز نازانی كێیە، چونكە ئەم هێزە شیعانەی لەوێن هەریەكەو ناوێكی لێیە و ڕێكخراو نین لە چوارچێوەی سوپا، بۆیە ئێمەش لەبری یاسا پەنا دەبەین بۆ بەرپرسی ئەم هێزانە بۆ بنبركردنی ئەم ڕەفتارە ناشرینانە."
گوتیشی " ئەگەر یاسا بوونی هەبا ئەوا بەرۆژی ڕوناك لەبەر چاوی هاوڵاتیان و هێزە ئەمنیەكان لە بەغدا خەڵک تیرۆر نەدەكرا، ئەوەتا پاسەوانی سەركۆمار ڕفێندراوە و باشیش دەزانن كێ ڕفاندوویەتی! بۆ ڕزگاری ناكەن؟ من تكا دەكەم لە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان ئەوەی زۆر كارێكی پیویستی نەبوو نەیەتە ناوچەكانی عێراق چونكە یاسا نییە لەم وڵاتە.
