پەرلەمان لیژنەیەکی بۆ پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی پێکهێنا
دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق بە بەشدای 224 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو. د. بەختیار شاوێس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق گوتی " لە دانیشتنی ئەمڕۆدا بە ئامادەبوونی عەدیلە حموود وەزیری تەندروستی عێراق، بە چڕی گفتوگۆ لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا کرا".
لە دانیشتنەکەدا وەزیری تەندروستی عێراق، باسی لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە و ئاماری تووشبووان و گرتنەبەری رێوشوێنەکانی بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆلێرا کرد.
هاوکات داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کرد، هاوکاری وەزارەتەکەی بکەن لە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە لە عێراقدا. بەگوتەی وەزیری تەندروستی عێراق، 415 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشی کۆلێرا لە عێراق تۆمارکراون.
د. بەختیار شاوێس، ئاماژەی بەوەش کرد كە پەرلەمانی عێراق لێپرسینەوەی لەگەڵ خالید عوبێدی، وەزیری بەرگریی عێراق بۆ رۆژی 3 ی مانگی تشرینی یەکەم دواخست، بەهۆی سەرقاڵبوونی بە راپەڕاندنی کاری سەربازییەوە.
هەر لە دانیشتنەکەدا پەرلەمانی عێراق، پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانی کاتی پەسەندكرد بۆ پاڵپشتیکردنی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی و هۆزەکان. خوێندنەوەی دووەمیش بۆ بەشداریکردنی عێراق لە رێککەوتننامەی ستۆکهۆڵم کرا.
رووداو
