موقتەدا ئەلسەدر داوا لە خەڵک و هەوادارانی دەكات خۆپیشاندان بكەن

موقتەدا ئەلسەدر داوا لە خەڵک و هەوادارانی دەكات خۆپیشاندان بكەن
سەركردەی رەوتی سەدر داوای لە هەواداران و خەڵکی عێراقی كرد بۆ مسۆگەركردنی چاكسازی تەواو هەفتەی داهاتوو لە شاری بەغدا خۆپیشاندان ئەنجامبدەن، بەو پێیەی رۆژی هەینی 25 ئەیلوولی 2015 لەبەر جەژنی قوربان خۆپیشاندان ئەنجامنەدرا.

موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر لە بەیاننامەیەكدا داوای لە عێراقییەكان و هەوادارانی كرد" هەینی داهاتوو لە پێناو جێبەجێكردنی داواكانیان و ئەنجامدانی چاكسازی تەواو بڕژێنە سەرشەقامەكان و خۆپیشاندان بكەن".

سەدر گوتیشی "داوا لە هەموو عێراقییەكان دەكەین بەشداری لە خۆپیشاندانەكان بكەن، هەروەها پابەندی مەرج و رێنماییەكانی تایبەت بە خۆپیشاندان بن، كە پێشتر لەپێناو سەلامەتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكان راگەیێندراون ".

لە 24ی ئابی 2015 موقتەدا سەدر داوای لە هەوادارانی كرد بۆ داواكردنی چاكسازيكردن لە نێو دەزگای دادوەری و دوورخستنەوەی گەندەڵكاران و دادگاییكردنیان رۆژانی هەینی بڕژێنە سەرشەقامەكان و خۆپیشاندان ئەنجامبدەن، کە بۆ ماوەی زیاتر لە دوومانگە بە رۆژانی هەینیدا لە بەغدا و شارەکانی دیکەی باشووری عێراق خۆپیشاندان ئەنجام دەدرێت.

لە 9-8-2015 بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی حەیدەرعەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە پشتبەستن بە ماددەی 78ی دەستووری عێراق، بڕیاری کۆمەڵێک چاکسازی دەرکرد، کە دیارترینیان لەکارلادانی جێگرانی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران بوو.

سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریشدا بە هەڵدانەوەی دۆسییەکانی گەندەڵیی ئێستا و رابردوو، سەرەڕای کەمکردنەوەی پاسەوانانی بەرپرسان و هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق.







رووداو
Top