عەبادی لێدوانێکی سەرۆک کۆماری ئێران رەتدەکاتەوە
حەسەن رۆحانی پێشتر رایگەیاندبوو، کە سەربازەکانیان یارمەتی هێزە عێراقی و سورییەکانیان داوە لە دژی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) و گرووپە چەکدارەکانی دیکە.
هەرچەندە ئەمیر عبدوڵڵاهیان، جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران رەتی کردووەتەوە، بەڵام سەرۆک کۆماری ئێران لە یادی 35 ساڵەی هەڵگیرسانی شەڕی عێراق- ئێران رایگەیاندبوو، کە سەربازانی وڵاتەکەی لە سەر خاکی عێراق و سوریا هەن و هاوکاری هێزەکانی ئەو دوو وڵاتە دەکەن.
سایتی باسنیوز لە زاری میدیا عێراقییەکانەوە گواستیەوە؛ حەیدەر عەبادی ئەم گوتانەی سەرۆک کۆماری ئێرانی لەبارەی بوونی سەربازانی ئێران لە عێراق، رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە؛ هیچ هێزێکی بیانی لەسەر خاکی عێراق نییە.
