داوا لە عەبادی دەکرێت بەپەلە چەند ناوچەیەك کۆنترۆڵبکاتەوە

 داوا لە عەبادی دەکرێت بەپەلە چەند ناوچەیەك کۆنترۆڵبکاتەوە
پەرلەمانتارێکی پارێزگای سەڵاحەدین، داوا لە حەیدەر عەبادی دەکات بەپەلە شەرگات و دەوروبەری بێجی کۆنترۆڵبکاتەوە.

قوتەیبە جبووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەکەدا داوا لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکات، پەلە بکات لە کۆنترۆڵکردنەوەی قەزای شەرگات و باکووری بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین لە دەست چەکدارانی داعش.

جبووری روونیدەکاتەوە کە دانیشتووانی قەزای شەرگات و بەشێکی قەزای بێجی و گوندەکانی باکووری بێجی، رۆژانە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رووبەڕووی کوشتن و ئەشکەنجەدان تا مردن دەبنەوە، تەنانەت کار گەیشتووەتە رفاندنی ئافرەت و منداڵان و سووتاندن و وێرانکردنی خانوو بەسەر هاووڵتیاندا.

قوتەیبە جبووری، هاوکات داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەكات فشاری زیاتر بخاتە سەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ رزگارکرنی خەڵکی سڤیل، بەگوتەی خۆی رەوشەکە گەیشتووەتە ئاستێک، ناکرێت کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە دوابخرێت.

شارۆچكەی بێجی سەربە پارێزگای سەڵاحەدینەو 210 كیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختەوە دوورە، پاڵاوگەی بێجیش لەخۆدەگرێت كە بەرهەمە نەوتییەكانی زۆربەی پارێزگاكانی عێراق دابین دەكات، لە 11 حوزەیرانی ساڵی 2014 بەشێكی فراوانی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كۆنترۆڵكراوە. هەروەها شارۆچكەی شەرگاتیش سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە.









رووداو
Top