"ده‌یانه‌وێ وه‌زیری ناوخۆی عێراق بگۆڕن"

ئەندامێك لە لیژنەی بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرای كرد دەنگۆیەك هەیە باس لە گۆڕینی وەزیری ناوەخۆی عێراق (محەمەد غەبانی) دەكات.
(شاخاوان عەبدوڵا) ئەندام لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دەنگۆیەك هەیە باس لە گۆرینی وەزیری ناوەخۆی عێراق (محەمەد غەبانی) دەكات بەهۆی ناكۆكی باڵە شیعیەكان لەنێوان خۆیاندا، ئێمەش كۆمەڵێك تیبینیمان لەسەر وەزیری ناوەخۆی عێراق هەیە بەتایبەتیش كە كۆمەڵێك پۆست هەیە سەرزارەكی گۆڕانكاری تیداكردووە، ئێمە وەكو لیژنەی ئاساییش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەران چەندین ڕەخنەشمان لەكارەكانی وەزیری ناوەخۆ هەبووە، بەڵام هەنگاوەكانی گۆڕینی (محەمەد غەبانی) وەزیری ناوخۆی عێراق لە پۆستەكەی تا ئێستا بە ڕەسمی نەكراوە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەیشی دا كە: "ململانێی گرووپ و كوتلە و پارتە شیعەكان زۆر بە زەقی دیارە بەرەو قووڵبوونەوەی زیاتر دەچێت، جارێكیان گەیشتە ئەو ڕادەیەی لەسەر وەزیری پیشەسازی لەناو ئەنجومەنی نوێنەران لەنێوان خۆیان كردیان بە شەڕەشەق. ئێستا كوتلەی سەدر و دەوڵەتی یاسا نێوانیان زۆر گرژە و ناكۆكییەكەیان زۆر قووڵە، زۆر جار ئەم ناكۆكیانە گەیشتووەتە ئاستی تەقینەوە بە تایبەتیش لەنێوان میلیشیاكانیاندا."
Top