پەرلەمانی عێراق یەکخستنی وەزارەتەکانی ژینگە و تەندرووستی تاوتوێ دەکات
بەپێی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆ یەکشەممە 13-09-2015 بڕیارە پەرلەمان پرسی یەکخستنی وەزارەتی ژینگە لەگەڵ وەزارەتی تەندرووستی تاوتوێ بکات، لە کاتێکدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێشتر ئەو پرسەی پەسەند کرد و هەردوو وەزارەتەکەی یەکخست.
هاوکات بڕیارە پەرلەمان خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای سەرژمێریی دانیشتووان و پرۆژە یاسای چەک و پرۆژە یاسای کارتی نیشتمانیی ئەنجامبدات.
ئەمە لە کاتێکدایە لە دوایین دانیشتنی پەرلەمان دەنگۆی هەوڵی لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوبووەوە، بەڵام هیچ لەو دەنگۆیانە بەدینەهاتن. لەگەڵ ئەوەشدا چاودێران دەڵێن هەڵمەتەکەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەنجامدانی "چاکسازیی" بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناکۆکیەکی قووڵ لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا.
رووداو
