فراكسیۆنی پارتی له بهغدا: شۆڕشی مهزنی ئهیلوول، هەوێنی بنیاتنانی دەسكەوتەكانی ئەمڕۆی کوردستانه
دهقی بهیاننامهكه:
بە بۆنەى (54)مین ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، ئێمەى پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتیی دیمۆكراتی كوردستان له ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق ئەم یادە شکۆدارە لە جەماوەرى خۆڕاگری کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان پیرۆز دەکەین، شۆڕشی ئەیلوولى مەزن ئەو شۆڕشەیە کە پێش پەنجاوچوار ساڵ لەمەوبەر بە ڕابەرایەتیى بارزانی نەمر دژی ستەم و زۆرداری داگیرکەران هەڵگیرسا لە كاتێكدا کە تەمی تاریكی و نائومێدی باڵی رەشی كێشابوو بە سەر خاك و خەڵكی كوردستان و دووژمنان لە هەموو لایەكەوە خەریكی سڕینەوە و لە ناو بردنی گەلەكەمان دابوون، بەڵێ بڵێسەی ئەم شۆڕشە بوو كە ئومێدێکى نوێی بەخشیە گەلەکەمان و بووە بە هەوێنی بنیاتنانی دەسكەوتەكانی ئەمڕۆی کوردستان.
شۆڕشی ئەیلوول لە ماوەیێکی کورتدا توانی کوردستانیان بە جیاوازی ئایین و نەتەوە بە یەک ببەستێت و بە دەنگی بەرز گوتیان نا بۆ ستەم كاری بەڵێ بۆ رزگاری هەمیشەیی و سەربەخۆیی كوردستان.
گومانی تێیدا نیە کە گەلی کورد مێژووی پڕ لە سەروەری و خاوەنی درێژترین شۆڕش و قوربانیدانە لە پێناوی ئازادی و بە دەستهێنانی مافە ڕەواكانی. شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە ڕابەرایەتیى باوکی روحی میللەتى کورد یەك لەو شۆڕشە مەزنانەیە کە دۆزى ڕەوای مللەتی کوردی بە جیهان گەیاند و، مللەتەکەمانى بە جیهان ناساند و ئومێدی بۆ تەواوی كوردستانیان لە هەموو پارچەكانی دیكهی وڵات گەڕاندەوە .
لە كاتێكدا یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەكەینەوە كە كوردستان بە قۆناغێكی پڕ لە مەترسی و هەستیاردا تێدەپەڕێت و دوژمنانی کورد بەردەوامن لە پەلاماردانی وڵاتەکەمان بۆیە ئێستا زیاتر لە هەر کاتێك پێویستمان بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستییە بۆ پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان و بە دەستهێنانی دەسكەوتی زیاتر بۆ گەلەكەمان.
فراكسیۆنی پارتیی دیمۆكراتی كوردستان له ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق
