ئوسترالیا 12هەزار پەنابەری سووری و عێراقی وەردەگرێت

 ئوسترالیا 12هەزار پەنابەری سووری و عێراقی وەردەگرێت
سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا ئاماژە بەوەدەکات، حکومەت بڕیاریداوە بە وەرگرتنی12 هەزار پەنابەری سووری وعێراقی، هاوکات حکومەت پابەند دەبێت بە دابینکردنی ژیان وگوزەرانی پەنابەران.

تۆنی ئەبۆت، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە لە شاری کانابێرە ئەنجامیدا لە بارەی بەشداریکردنی وڵاتەکەی لە هێرشی هاوپەیمانان لە دژی داعش لە عێراق و سووریا و کێشەی پەنابەران رایگەیاند:" ئوسترالیا ئامادەیە 12 هەزار پەنابەری سووری و عێراقی وەربگرێت ومافی پەنابەریان پێبدات، کە بەهۆی شەڕو تێکچوونی رەوشی ئەمنی وڵاتەکەیان جێهشتووە و بەرەو ئەوروپا کۆچیان کردووە".

سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتیشی " حکومەتی ئوسترالیا داواکەی ئەڵمانیای پەسەندکردووە لەبارەی دابەشکردنی پەنابەران بەسەر وڵاتانی ئەوروپی و ئوسترالیا پێشوازی لەو بڕیارەدەکات بە پێدانی مافی پەنابەریەتی بە 12 هەزار پەنابەری سووری وعێراقی ".

تۆنی ئەبۆت ئاماژەی بەوەشکردووە، ئوسترالیا ناتوانێت زیاتر لەو ژمارەیە وەربگرێت کە دیاریکردووە و هاوکات حکومەت پابەندە بە دانینکردنی ژیان و گوزەرانی 12 هەزار پەنابەرەکە و ئەمەش وەک هاوکارییەکی مرۆیی حکومەتی ئوسترالیا لەبارەی رێزگرتن لەمافی پەنابەران.











رووداو
Top