سێ فەرماندە و 39 چەكداری داعش لە موسڵ كوژران

سێ فەرماندە و 39 چەكداری داعش لە موسڵ كوژران
لە ئاكامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراو لەژێر ئۆتۆمبێلێكی چەكدارانی داعش لە باشووری شاری موسڵ، دوو فەرماندەی سەربازی داعش كوژران. هاوكات بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكان 39 چەكدار و فەرماندەیەكی دیكە لە تەلەعفەر كوژراون.

كاژێر 10:30 خولەكی ئەمڕۆ یەكشەممە 6 ئەیلوولی 2015، بۆمبێكی چێندراو لەلایەن ژمارەیەك چەكداری گرووپی سەریا سەلام، بە هەمەرێمی رەشی سەربازی داعشدا تەقێندرایەوە.

بەپێی سەرچاوەیەك لەنێو موسڵ ، رووداوەكە لە نزیك گوندی توفاحە لە ناوچەی عەین جەحش لە باشووری شاری موسڵ روویداوە، بەهۆشیەوە هەریەك لە سەلمان فەزەع (ناسراو بە عومەر سعودی) بەرپرسی ناوچەكانی تلول باج تاوەكو حەزەڕ، عەلی كەلاری بەڕەگەز كورد و شوفێرەكەیان كوژراون.

هاوكات شانەی راگەیاندنی جەنگی سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، کوژرانی 40 سەربازی داعشی لە شارۆچکەی تەلەعفەر لە رۆژئاوای موسڵ راگەیاند.

شانەی راگەیاندنی جەنگی هەر ئەمڕۆ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا كە فەرماندەیی هێزی ئاسمانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵگری عێراقی، هێرشێکی ئاسمانیان بۆسەر سەربازگەیەکی چەکدارانی داعش لە شارۆچکەی تەلەعفەر ئەنجامداوە.

بەپێی راگەیێندراوەکە، لە بۆردوومانەكەدا 40 چەکداری داعش و حەسەن موحسین ئەلجەلابی، فەرماندەی مەشق و راهێنانەکانی داعش لەنێو کوژراوەکاندایە.

لە9 ی حوزەیرانی 2014، داعش شاری موسڵ و بەشێکی زۆری سنووری ئەو پارێزگایەی کۆنترۆڵکرد، چەكدارانی گرووپی سەرایا سەلامیش سەر بە رەوتی سەدرن و لەپاڵ هێزە ئەمنییەكانی دیكە دژی داعش لە شەڕدان.





































رووداو
Top