ئێران بەرگریی لە ”گەندەڵییەکانی“ سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری دەکات
دوای خۆپێشاندانە بەردەوامەکانی پارێزگای بەغدا و پارێزگاکانی باشووری عێراق حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستی بە چەند ”پرۆژەیەکی چاکسازی“ کردووە و بەهۆیەوە چەند بڕیارێکی لە دژی بەرپرسانی عێراقی داوە.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی بەدر و ئەبو مەهدی موهەندیس، هەردوو سەرکردەی میلیشیا شیعەکان لە نووسینگەکەی سەردانی مەدحەت مەحموود، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی عێراقیان کردووە و پشتگیریی خۆیان بۆی دووپاتکردووەتەوە، کە چاودێران ئەمە بە پەیامی ئێران دەزانن، کە ”مەحموود بۆ ئێران هێڵی سوورە“.
خۆپێشاندەرانیش لە بەغدا و پارێزگاکانی باشوور، بەردەوامن لەسەر خۆپێشاندانەکانیان و یەکێک لە داواکانیان، دەستلەکار کێشانەوەی مەدحەت مەحموودە لە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و بە ”گەندەڵیکردن“ تۆمەتباری دەکەن.
دوای ”چاکسازی“یەکانی عەبادی، دەسەڵاتدارانی ئێران، بە تایبەت قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق دەکات و ناهێڵێت بکەوێتە بەر هەڵمەتی ”چاکسازی“یەکەی عەبادی و لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت.
باسنیوز
