ئەمریکا حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەكی ئەنبار دەردەکات
خالید فەهداوی، ئەفسەر لە پۆلیسی فیدراڵی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" ناکۆکی لەنێوان ئەمریکییەکان و حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی رومادی هەیە، تەنانەت بووەتە هۆی وەستانی جموجۆڵە سەربازییەکان".
فەهداوی گوتیشی " ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی بۆردوومانە ئاسمانییەکان کردووە، تەنانەت سوپای ئەمریکا بڕیاری دوورخستنەوەی حەشدی شەعبی داوە لە ناوچەکانی مەزیق و خالدییە بەشێوەیەکی هەمیشەیی".
ئەو ئەفسەر عێراقییە بۆ رووداو زیاتر گوتی" لەلایەن سوپای ئەمریکاوە هۆشداری دراوەتە حەشدی شەعبی كە ناوچەکە چۆڵبکەن، ئەگەرنا فڕۆکەکان دەیانکەنە ئامانج، بەڵام هێزی یەکینەکانی ئیمام عەلی، کە راستەوخۆ سەر بە حەشدی شەعبییە، بە پۆشاکی پۆلیسی فیدراڵییەوە هاتوونەتە ناوچەکە بۆئەوەی نەناسرێنەوە".
بەگوتەی خالید فەهداوی، ئۆپەراسیۆنی ئەنبار بەهۆی ئاڵۆزییە سیاسییەکانەوە بەتەواوی وەستاوە و ئەمریکاش لایەنی سەرەکییە لە ناوچەکەدا.
هاوكات فەرماندەیەکی هێزەکانی ئەنبار دان بەوەدا دەنێت كە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان، سووربوونی ئەمریکا لەسەر راگرتنی دەستتێوەردانی ئێران لەڕێگەی حەشدی شەعبییەوە، هەروەها هەبوونی ژمارەیەکی زۆری بۆمبی چێنراو لە ناوچەکانی باکوور، رۆژئاوا و باشووری شاری رومادی، تاڕادەیەک شکستیان هێناوە.
ئەو فەرماندەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە رووداوی گوت" ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشێوەیەکی راستەوخۆ سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەکان دەکات لە رومادی".
رووداو
