پەرلەمانی عێراق لە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای پاسەوانی نیشتمانی شکستیهێنا

پەرلەمانی عێراق لە پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای پاسەوانی نیشتمانی شکستیهێنا
هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی، ئەو هێزە سەربازییانەن کە بڕیارە بەپێی رێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنەکان لە هەموو پارێزگایەکی عێراق دابمەزرێن و چەکدارانی حەشدی شەعبی شیعە و چەکدارانی هۆزەکانی سوننەش لەخۆبگرێت، هەروەها لە چوارچێوەیەکی یاساییدا دەسەڵات و ئەرکەکانیان دیاریبکرێت بۆ پاراستنی پارێزگاکانی عێراق لە هەر هەڕەشەیەک.

چاوەڕوان دەکرا پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆ یەكشەممەیدا پڕۆژەیاسای پاسەوانی نیشتمانی پەسەند بکات، بەتایبەت كە پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، بەڵام ناکۆکی نێوان شیعە و سوننە لە پەرلەمان لەبارەی ئەوەی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی سەر بە ناوەند بن یان خوودی پارێزگاکان، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی ناچارکرد دیسان پەسەندکردنی دوابخات.

عەممار توعمە، سەرۆکی فراکسیۆنی فەزیلە کە بەشێکە لە هاوپەیمانێتی شیعە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا رایگەیاند " پێشنیازی دابەشکردنی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی بەسەر پارێزگاکاندا و، دامەزراندنی دانیشتووانی ئەو پارێزگایانە لە هێزەكانی تایبەت بە پارێزگاکان، جێی قبوڵکردن نییە و مەترسی هەیە ببێتە هۆی پشێوویی ئەمنی و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری وڵات بکات، بۆیە رێگەنادەین کەسایەتییەکی سیاسی سەرپەرشتی پاسەوانی نیشتمانی بکات".

سەرچاوەکان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێن فراکسیۆنەکان لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەماندا لەسەر چەند بڕگەیەکی پڕۆژەیاساکە رێککەوتن بەتایبەت لەبارەی ژمارەی سەربازانی هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانی کە بڕیاریاندا 120 هەزار سەرباز بێت و 70 هەزاریان شیعە بن و 50 هەزارەکەی دیکەشیان سوننە. ئەمەش بەو واتایەیە کە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بەشداربوونی کورد لە هێزەکانی پاسەوانی نیشتمانیی رەتدەکەنەوە.









































رووداو
Top