پارته‌ شیعیه‌كان هه‌وڵی‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ خۆپیشاندانه‌كان ده‌ده‌ن

پارته‌ شیعیه‌كان هه‌وڵی‌ قه‌ده‌غه‌كردنی‌ خۆپیشاندانه‌كان ده‌ده‌ن
سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار رایگه‌یاندووه‌، به‌ بیانووی‌ هه‌بوونی‌ ده‌ستی‌ ده‌ركی‌ له‌ پشت ئه‌نجامدانی‌ خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌، پارته‌ شیعیه‌كان له‌ هه‌وڵی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ ره‌زامه‌ندی‌ مه‌رجه‌عه‌ شیعه‌كاندان، به‌مه‌به‌ستی‌ ده‌ركردنی‌ فه‌توانی‌ ته‌حریمكردنی‌ خۆپیشاندانه‌كان.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار به‌ رۆژنامه‌ی‌ شه‌رقولئه‌وسه‌تی‌ راگه‌یاندووه‌، چه‌ند لایه‌نێكی‌ سیاسی‌ و ئایینی‌ شیعه‌كان له‌ هه‌وڵی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ و زانیاریانه‌دان كه‌ ده‌ریده‌خه‌ن ده‌ستی‌ ده‌ره‌كی‌ له‌ پشت ئه‌نجامدانی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ چه‌ند هه‌فته‌ی‌ رابردوودان، له‌ دژی‌ نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزاری‌ و گه‌نده‌ڵی‌ له‌ نێو به‌رپرسانی‌ عیراقدا.
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردووه‌، ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌یانه‌وێت ره‌زامه‌ندی‌ چوار مه‌رجه‌عی‌ باڵای‌ شیعه‌كان به‌ده‌ستبهێنن و ئه‌و مه‌رجه‌عانه‌ فه‌توای‌ ته‌حریمكردنی‌ خۆپیشاندانه‌كان بده‌ن.

باسی‌ له‌وه‌شكردووه‌، ئه‌و لایه‌نانه‌ زیاتر له‌ هه‌وڵی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ ره‌زامه‌ندی‌ " ئیسحاق فه‌یاز" كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ مه‌رجه‌عه‌كانی‌ شیعه‌كان ده‌ناسرێت، فه‌توای‌ ته‌حریمكردنی‌ خۆپیشاندنه‌كان ده‌ربكات، به‌ بیانووی‌ هه‌بوونی‌ ده‌ستی‌ ده‌ره‌كی‌ له‌ پشت ئه‌نجامدانی‌ خۆپشاندانه‌كانه‌وه‌.

ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ده‌بێت هاوڵاتیانی‌ پارێزگاكانی‌ ناوه‌ڕاست و باشووری‌ عیراق خۆپیشاندانی‌ به‌رفراونیان له‌ دژی‌ نه‌بوونی‌ خزمه‌تگوزاری‌ و گه‌نده‌ڵی‌ له‌ حكومه‌تی‌ عیراقدا ده‌ستپێكردووه‌ و له‌ دوای‌ به‌رفراوان بوونی‌ خۆپیشاندانه‌كانیش، حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عیراق چه‌ند پاكێچێكی‌ چاكسازی‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ پۆسته‌ باڵاكان و پاسه‌وانی‌ به‌رپرسان ده‌ركرد وبڕیاره‌ له‌ دانیشتنی‌ داهاتووی‌ په‌رله‌ماندا ده‌نگ له‌ سه‌ر ئه‌و پاكێجانه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیران بدرێت.














خه‌ندان
Top