سەرۆكی پەرلەمان: هەفتەی داهاتوو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی گوڵاڵە پەیوەندییەكی بەرفراوان ئەنجام دەدرێت

سەرۆكی پەرلەمان: هەفتەی داهاتوو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی گوڵاڵە پەیوەندییەكی بەرفراوان ئەنجام دەدرێت
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو دیدارو پەیوەندییەكی بەرفراوان ساز دەكرێت بۆ ئەوەی دەست بەگەڕانەوەی خەڵكی گوڵاڵە بۆ شارۆچكەكەیان بكرێت و بەربەستەكانی بەردەم گەڕانەوەیان لاببرێت.

لەبەیاننامەیەكی نوسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەلیم جبوری دا هاتوە، جبوری لەكاتی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئیبتیهال داینی بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچپێكراوان لە پارێزگای دیالە، لەرەوشی پەنابەرانی پارێزگای دیالەیان كۆڵیەوە و تاوتوێی ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەیان كرد دێتە رێگەی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەكان كە دوو بەش لەسێ بەشی پێك دێنن.

جبوری جەختی كردەۆتەوە كە پێویستە هەوڵ لەهەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان بدرێت بۆ خێراكردنی پرۆسەی گەڕانەوەی ئەو خێزانانە بەتایبەت ئەوانەی لەناوچەكانی سەعدیە و عوزێم و باكوری میقدادیە ئاوارە بوونە.

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران روونیكردەوە، هەفتەی داهاتوو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكانی گوڵاڵە و لابردنی بەربەستەكانی بەردەم گەڕانەوەیان، دیدار و پەیوەندییەكی بەرفراوان دەست پێ دەكات.

Top