عەبادی بە تووندی وەڵامی قاسم سولەیمانی دەداتەوە و سولەیمانی بەشداریی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی شیعەکانی کردووە
ماڵپەڕی شەرقولئەوسەت لە هەواڵێکدا، کە زانیارییەکانی لە ”سەرچاوەیەکی باڵا“ی عێراقی وەرگرتووە، پێش دوو رۆژ، دەستەی سیاسیی حزب و لایەنەکانی هاوپەیمانیی شیعەکان، بە ئامادەبوونی قاسم سولەیمانیی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی، کۆبوونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، سولەیمانی ناڕازیبوونی خۆی لە بەشێک لە ”چاکسازی“یەکانی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق نیشانداوە، بە تایبەت ئەوانەی ”جێی مەترسیین بۆ سەر نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق“.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، حەیدەر عەبادی رووبەڕووی سولەیمانیی بووەتەوە و رەخنەی لێگرتووە، لەسەر ئەوەی پشتگیریی مالیکی دەکات و قاسم سولەیمانییش، بە تووڕەییەوە کۆبوونەوەکەی بەجێهێشتووە.
زانیارییەکان، کە بە ماڵپەڕەکە گەیشتوون، ئاماژە بەوەدەکەن، کە ئێستا قاسم سولەیمانی لە شاری نەجەفە و چاوەڕوانی دیداری عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و تاوەکو ئێستاش سیستانی، کە بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی هەوڵەکانی ”چاکسازی“ی عەبادی دەکات، رەزامەندیی بۆ دیداری فەرماندەی سوپای قودس دەرنەبڕیوە.
باسنیوز
