پەرلەمانی عێراق بەدواداچوون بۆ پڕۆژە چاكسازیەكەی عەبادی دەكات
ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا ئاماژە بەوە دەكات لە كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 25ی ئاب ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جگە لە بانگهێشتكردنی وەزیری كارەبا كە سەبارەت بە گرفتی كارەبای عێراق پرسیاری لێدەكرێت، بەدواداچوون بۆ هەردوو پڕۆژە چاكسازییەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانو حكومەتی عێراقی دەكەن. ئەو گوتی "دوو وەرەقەی چاكسازی هەیە كە یەكێكیان هی سەرۆكوەزیرانە، ئەوی دیكە هی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، ئێمە بەدواداچوون بۆ هەردووكی دەكەین تاوەکو بزانین چەندی جێبەجێکراوە و كێشەكانی بەردەمی چین؟".
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق روونیشكردەوە "هەر لە دانیشتنەكەی 25ی ئابدا چەند پڕۆژەیاسایەك گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت، لەوانە پڕۆژە یاسای حیزبو پڕۆژە یاسای ئەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق سەرۆكەكانیان بۆیان هەیە بۆ چەند خول سەرۆك بن".
دوای ناڕەزاییو خۆپیشاندان لەبەشێك لەناوچە جیاجیاكانی عێراق بۆ چاكسازی و داواكردنی چەند خزمەتگوزاریەك، سەرۆكوەزیرانی عێراقو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پڕۆژەی خۆیان بۆ چاكسازی پێشكەش كرد.
رووداو
