هاوپەیمانان کۆگای چەکە قورسەکانی داعشیان کردە ئامانج

 هاوپەیمانان کۆگای چەکە قورسەکانی داعشیان کردە ئامانج
هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لەبەیاننامەیەکدا چالاکییە سەربازییەکانی 24 کاژێری رابردوویان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوەدەکەن، توانیویانە بەسەرکەوتوویی هێرشەکانیان بۆسەر داعش ئەنجامبدەن.

یەکەی ئۆپەراسیۆنی هێزە هاوبەشەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند:" لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان 26 هێرشیان کردووەتە سەر بنکە وبارەگاکانی رێکخراوی داعش لە عێراق و سووریا".

بەیاننامەکەی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی دەشڵێ " فڕۆکە جەنگییەکانمان 18هێرشیان لە عێراق کردووەتە سەر بنکەکانی داعش کە لە بێجی و حەبانییە و مەخموور و رومادی و تەلەعفەر ئەنجامدراون و بەو هۆیەوە داعش زیانی گیانی و ماددی زۆری هەبووە، هاوکات لە رومادی کۆگای چەکە قورسەکانی داعش کراونەتە ئامانج لەگەڵ کوژارنی ژمارەیەک چەکداری رێکخراوەکە".

هاوپەیمانان ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە سووریا 8 هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی داعش کە لە نزیک شاری رەققە و حەسەکە و کۆبانی ئەنجامدراون و بەو هۆیەوە چەند ئۆتۆمبێلێکی داعش تێکشکێندراون و 2 بنکەی رێکخراوەکەش وێرانکراون.















رووداو
Top