سوپاسالاری ئەمریکا: دابەشکردنی عێراق دەکرێت باشترین چارەسەر بێت

سوپاسالاری ئەمریکا: دابەشکردنی عێراق دەکرێت باشترین چارەسەر بێت
سوپاسالاری ئەمریکا، دابەشکردنی عێراق بە باشترین چارەسەرە دەزانێت و پێیوایە کورد رۆڵێکی گرنگی لە لاوازکردنی داعشدا هەبووە.

جەنەڕاڵ رایمۆند ئۆدێرنۆ، سوپاسالاری ئەمریکا، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لە بارەگای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند "ئەگەری دابەشکردنی عێراق لە ناوچەکەدا لە ئارادایە و رەنگە رووبدات".

ئەو ژەنەڕاڵە ئەمریکییە، دابەشکردنی عێراق بە باشترین چارەسەر دەزانێت و دەڵێت ئاشتەوایی نێوان سوننە و شیعە رۆژ لە دوای رۆژ قورستر دەبێت.

جەنەڕاڵ رایمۆن ئۆدێرنۆ، سوپاسالاری ئەمریکا، رۆژی هەینی خانەنشین دەبێت و ژەنەڕاڵ مارک میلی شوێنی دەگرێتەوە، پێوایە وێنەی ئایندەی عێراق لە رابردووەکەی ناچێت.

لەماوەی ساڵانی 2008-2010 دا، جەنەڕاڵ رایمۆن ئۆدێرنۆ، فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا بووە لە عێراق.

ناوبراو دەڵێت "سەرەتا دەبێ شەڕی داعش بکەین، دواتر قسەی لەسەر چۆنییەتی رەوشەکە بکەین". ئەو پێیوایە بەهۆی بۆردوومانی ئاسمانی هاوپەیمانان و شەڕی هێزە کوردییەکان داعش لاواز بووە و هێزە عێراقییەکانیش کەمتر ئەو رۆڵەیان هەبووە.

هاوکات راشیگەیاند " ئەگەر پێشکەوتن لەشەڕی داعش بەدینەهات، ئەوا پێویستە ئەمریکا بیر لە رەوانەکردن و بڵاوکردنەوەی هێز بکاتەوە لە عێراق".











رووداو
Top