عەبادی فەرمانی چۆڵ كردنی ئەو كۆشكەی دەركرد كە مالیكی تێدا دەژی

عەبادی فەرمانی چۆڵ كردنی ئەو كۆشكەی دەركرد كە مالیكی تێدا دەژی
سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە چوارچێوەی هەڵمەتی چاكسازییەكەیدا، فەرمانی چۆڵ كردنی كۆشكی (ئەلنوور)ی دەركرد كە ئێستا شوێنی حەوانەوەی “نووری مالیكی”، جێگری سەرۆك كۆماری عێراقە.

میدیاكانی عێراق لە زاری سەرچاوەیەكی نزیك لە “حەیدەر عەبادی”، سەرۆكوەزیرانی عێراقەوە بڵاویان كردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 12/8/2015، عەبادی فەرمانی چۆڵ كردنی كۆشكی (ئەلنوور)ی لە ناوەڕاستی ناوچەی سەوزی شاری بەغدا دەركردووە كە ئێستا شوێنی حەوانەوە و نووسینگەی فەرمیی كار كردنی “نووری مالیكی”، جێگری سەرۆك كۆماری عێراقە. ئەوەش ئاشكرا كراوە كە بەرپرسی نووسینگەی عەبادی بۆ خۆی، فەرمانە فەرمییەكەی وەرگرتووە و بەو لایەنەی داوە كە فەرمانەكەیان پێ كراوە و دەبێت لە ماوەی 48 سەعاتدا كۆشكەكە چۆڵ بكەن.

هەرچەندە باس لەوە دەكرێت كە حەیدەر عەبادی فەرمانەكەی دەركردووە، بەڵام هێشتا نازانرێت كە ئاخۆ نووری مالیكی ئامادەیە كۆشكەكە چۆڵ بكات یاخود نا، چونكە لە ماوەی ڕابردوودا دەنگۆی ئەوە هەبووە كە مالیكی لە زۆر بڕیاردا، هیچ حیسابێكی بۆ عەبادی نەكردووە.














باسنيوز
Top