عێراق خۆشحاڵه بەبەشداریکردنی تورکیا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش

عێراق خۆشحاڵه بەبەشداریکردنی تورکیا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش
جەعفەری و قەیماغچی سەبارەت بە پرسی ئاو و چەکدارانی داعش کۆبوونەوە، لایخۆشیەوە جەعفەری خۆشحاڵی خۆی بەبەشداریکردنی تورکیا لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەربڕی. لەبەرامبەریشدا، قەیماغچی ئامادەیی تورکیای بۆ مەشقپێکردنی هێزە عێراقییەکان نیشاندا.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق رۆژی سێشەممە 11 ی ئابی 2015 ، لەگەڵ فارووق قەیماغچی، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبووەوە و پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات و چەند دۆسییەیەکی تایبەت بە عێراق و تورکیا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەکە، جەعفەری خۆشحاڵی خۆی بەبەشداریکردنی تورکیا لە هاوپەیمانیێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و کردنەوەی بنکەی ئاسمانی ئەنجەرلیک بۆ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەربڕی و جەختیشیکردەوە لەسەر پێویستیی هەماهەنگیکردنی تورکیا لەگەڵ عێراق بۆ لێدانی داعش و پاراستنی گیانی خەڵک و گرنگی زیادکردنی رێژەی ئەو ئاوەی تورکیا بۆ عێراقی دەنێرێت.

وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، عێراق رێگە بە هیچ گروپێکی چەکدار نادات، لە نێو خاکەکەیدا هێرشبکەنە سەر وڵاتێکی دیکە و عێراق بکەنە بنکەی ئەو هێرشانە بۆ خۆیان.

لایخۆشییەوە، قەیماغچی، جەختی لە سەر پەیوەستبوونی وڵاتەکەی بە ناردنی ئەو بڕە ئاوە داواکراوەی کە عێراق داوایدەکات کردەوە.

باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ئاشکراشی کرد، تورکیا چەندین رێوشوێنی تایبەتی دژ بە چەکدارانی داعش گرتووەتە بەر، لەوانەش کردنەوەی بنکەی ئەنجەرلیک و هەماهەنگیکردن لە رووی سەربازیی و هەواڵگرییەوە لەگەڵ وڵاتانی جیهان لە پێناو رێگریکردن لە چوونی تیرۆریستان و لێکۆڵینەوە لەگەڵ گومانلێکراواندا.

هەروەها قەیماغچی، جەعفەری دڵنیاکردەوە، لە پابەندبوونی تورکیا بە ناردنی ئەو بڕە ئاوەی کە عێراق داوایدەکات.

باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ئامادەیی تورکیاشی لە مەشقپێکردنی هێزە عێراقییەکان و هەماهەنگیکردن لەگەڵ عێراق لەسەرجەم بوارە جیاوازەکان نیشاندا.

پێشتر لە 28 ی تەمموزی 2015 ، ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ فارووق قەیماغچی، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کۆبووەوە و نیگەرانی عێراقی لە بەرامبەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا لەسەر سنووری باشووری کوردستانی پێ راگەیاند.












رووداو
Top