پەرلەمانی عێراق بە كۆی دەنگ رەزامەندی لەسەر پڕۆژە چاكسازییەكەی دەربڕی

 پەرلەمانی عێراق بە كۆی دەنگ رەزامەندی لەسەر پڕۆژە چاكسازییەكەی دەربڕی
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی پێش نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 11-8-2015 بە ئامادەبوونی 296 پەرلەمانتار و بەكۆی دەنگ رەزامەندی لەسەر پرۆژە چاكسازییەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی.

سەلیم جبوری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنەكەدا خاڵەكانی پرۆژە چاكسازییەکەی پەرلەمانی خوێندەوە كە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پێشكەشكرابوو و بەكۆی دەنگ بە یەك پاكێج پەسەندكرا.

بەپێی ئۆفیسی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ئەم داواكارییانە بەشێکن لەو 25 داواکارییەی کە لە پرۆژە چاكسازییەکەی پەرلەماندا هاتوون، کە دەنگیان لەسەردرا:

1 - پرۆسەی كەمكردنەوەی وەزارەتەكان و دەستەکان لەماوەی 30 رۆژدا جێبەجێبكرێت و لە قۆناخی یەكەمیشدا 22 وەزارەت بگرێتەوە و بە تێكەڵكردنی ئەو وەزارەتانەشەوە دەستپێبكات كە كارەكانیان هاوشێوەن.

2 - كۆتاییهێنانی دامەزراندنی بە وەكالەت لە پۆستەكان و پێشكەشكردنی پاڵێوراوان بۆ دامەزراندن لە پۆستە باڵاكان لە سەرۆكی دەستەکان، وەكیلی وەزارەتەكان و راوێژكاران بەپێی یاسای دەنگدان لە ماوەیەكدا، كە لە 30 رۆژ تێپەڕنەبێت، ئەمەش بە رەچاوكردنی لێهاتوویی و ئەستۆپاکیی پاڵێوراوان.

3 - كۆتاییهێنان بە دۆسییەی دامەزراندن بە وەكالەت لە پۆستە سەربازییەكان و ئەمنییەكان و، پێشكەشكردنی پاڵێوراوان بۆ پۆستەكانی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپا و یاریدەدەرەكانی و سەرۆكی فریقە و سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی، سەرۆكی دەزگا ئەمنییەكان لەماوەیەك كە لە 30 رۆژ تێپەڕ نەكات.

4 - دەستكردن بە پرۆسەی كەمكردنەوە لە سەرۆكایەتییەكان، وەزارەتەكان، دەستە و لایەنە ناپەیوەندیدارەكان بە وەزارەت، لەرێگەی تێكەڵكردنی ئەو بەڕێوەبەریایەتییانەی كە دەكرێت تێكەڵبكرێن لەپێناو باشتركردنی بەڕوەبردنیان.

5 - داواكردن لە سەرۆكوەزیران بۆ ئەوەی هەریەكە لە وەزیری كارەبا، وەزیری سەرچاوە ئاوییەكان و، هەموو ئەو كەسانەی كە كەمتەرخەمییان لە كارەكانیاندا كردووە و بەسەریاندا ساغبووەتەوە لە بەڕێوەبەردنی وەزارەتەكان لەسەر کارەکانیان لابدرێن.

6- لەسەركارلادانی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی كە بەبێ هۆكار لە سێ دانیشتنی پەرلەمانییدا ئامادەنەبوون لە یەک وەرزی یاسادانان، پێداچوونەوە بە كاری سەرۆكی دەستەکان و گۆڕینیان ئەگەر دەرکەوت بە باشی كاری دەستەکانیان بەڕێوەنەبردووە.

7 - كەمكردنەوەی ژمارەی پاسەوانی بەرپرسان بۆ نیوەی ژمارەكەیان بەبێ جیاوازی و لەماوەی 15 رۆژدا.

8 - ئەو كەسانەی خاوەن پۆستن و دوو رەگەزنامەیان هەیە دەبێت لەماوەی 30 رۆژدا یان دەستبەرداری پۆستەكەیان یان دەستبەرداری رەگەزنامە بیانییەكەیان بن.

9 - دەستپێكردنی لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو وەزیر و سەرۆكی دەستانەی، كە ئیجرائاتی یاسایی بۆ لێكۆڵیەوە لەگەڵیاندا تەواو بووە.

10 لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو كەسانەی كە كەمتەرخەمبوون لە بەرگریكردن لە عێراق و بوونەتە هۆی ئەوەی، کە خاکی عێراق بچێتە ژێر دەستی گرووپە تیرۆرستییەكان كە رۆڵیان هەبووە لە بەهەدەربردنی سەرچاوەكانی وڵات و ئاوارەبوونی ملیۆنان هاونیشتیمانی پارێزگاكانی عێراق.

11- دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ كێشەی پەنابەران و دابینكردنی ژیانێكی باش بۆیان.












رووداو
Top