پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر بڕیارەکانی حکومەت دەدات

پەرلەمانی عێراق  دەنگ لەسەر بڕیارەکانی حکومەت دەدات
بڕیارە پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا دەنگ لەسەر بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بدات لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار و کەمکردنەوەی ژمارەی پاسەوانانی بەرپرسانی باڵای عێراق.

بەپێی کارنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمان دوو پرس تاوتوێ دەکات کە بریتین لە داواکاری خۆپێشاندەران لەبارەی دابینکردنی کارەبا و خزمەتگوزارییەکانی دیکە و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.

بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بریتین لە هەڵوەشاندنی پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران، سەرۆک کۆمار و کەمکردنەوەی ژمارەی پاسەوانان و نەهێشتنی دەرماڵەی تایبەتی بەرپرسانی باڵای عێراق و دەستپێکردنی هەڵمەتێک لە دژی گەندەڵی.

دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان لەکاتێکدایە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 11/8/2015 داوای لە پەرلەمان كرد بڕیارنامەی چاكسازیی كە پێشكەشی كردووە بەشبەش نەكەن و داواشی كرد بەرپرسیارییەتی بگرنە ئەستۆ و پۆستی جێگری سێ سەرۆكایەتییەكە نەهیڵن.










رووداو
Top