وەزارەتی ناوخۆی عێراق 49 گەورە ئەفسەر لەکارەکانیان دوور دەخاتەوە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایدەگەیێنێت:" لەبەر بەرژەوەندی گشتی و بەپشتبەستن بە بڕیارەکانی لیژنەی باڵای هەڵسەنگاندنی فەرماندەکان کە بە فەرمانی وەزاری ژمارە 33 پێکهاتووە و لە رێکەوتی 5-8-2015 کۆبوویەوە، بڕیاردرا 49 ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ بە پلەی فەریق و لیوا و عەمید لەکارەکانیان دوور بخرێنەوە و رەوانەی بەشی کارووباری ئەفسەرانی کردوون".
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەشڵێ کە "چەند ئەفسەرێکی دیکەی راسپاردووە بۆ راپەڕاندنی کارەکانی فەرمانگەکانی کارووباری ناسنامە و پاسپۆرت، هەواڵگری دارایی و ئابووری و سەرۆکی دادگای پێنجەمی هێزەکانی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی کاری ئەندازیاری و بەڕێوەبەری هاتووچۆی کەربەلا و چەند پۆستێکی دیکەش".
ئەم بڕیارەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەکاتێکدایە" رۆژی یەکشەممە 10-8-2015 سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا پۆستی جێگرانی خۆی و جێگرانی سەرۆککۆمار هەڵبوەشێنێتەوە و ژمارەی پاسەوانانی هەموو بەرپرسانی عێراق بە سەرۆکایەتییەکانەوە کەم بکاتەوە و هەڵمەتێکی لە دژی گەندەڵێ راگەیاند".
هەروەها رۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی رایگەیاندووە، کە لە قۆناخی دووەمی چاکسازییەکان وەزارەتەکانی حکومەت دەکرێنە 15 وەزارەت و پۆستی جێگرانی سەرۆکی پەرلەمانیش هەڵدەوەشێنرێنەوە.
رووداو
