فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا پشتگیری لە بڕیارەکانی عەبادی دەکات
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق (خەسرۆ گۆران) رایگەیاند: "ئێمە وەکو پارتیی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ھەموو چاکسازیێکین بکرێت و، ئەو بڕیارانەی سەرۆکوەزیران دەریکردوون، باشە ئەگەر جێبەجێیان بکات، چونکە لە ھیچ وڵاتێکدا نەبووە سەرۆککۆمار یاخود سەرۆکوەزیران ئەو ژمارە جێگری ھەبێت و زۆرێک لە وەزارەتەکانیش زیادن و کاردۆزینەوە بووە بۆ خەڵکانێک کە لەپێناو تەوافوقدا بووە، کە دەکرێت ھەڵوەشێنەوە یاخود تێکەڵی وەزارەتی دیکە بکرێن."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "ژماریەکی زۆر بۆ بەرپرسان دانراون و جگە لەوە گەندەڵیی زۆر ھەیە و، لە وەزارەتەکان پۆست کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت کە ئەمە چەندین ساڵە بەم شێوەیە، بۆیە ئەگەر بەرنامەیەکی تۆکمە ھەبێت و (عەبادی) بتوانێ چاکسازی بکات ئێمە پشتگری لێ دەکەین."
گوتیشی، "تاوەکو ئێستا ئەو بڕیارانە نەھاتوونەتە پەرلەمان، بەڵام ھەر بڕیارێک بۆ چاکسازی بێت دەنگی بۆ دەدەین."
(گۆران) ڕوونیشی کردەوە، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە ئاسان نین، چونکە ئەو حکوومەتە لەسەر بنەمای تەوافوق دروست کراوە و، پێویستە بە دیراسەت ئەو کارە بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری گرینگی دەرکردن، بەپێی بڕیارەکان ھەرسێ جێگرانی سەرۆککۆمار و ھەروەھا ھەرسێ جێگرانی سەرۆکوەزیران و بریکاری وەزارەتەکانی لە پۆستەکانیان دوور خستوونەتەوە.
