جێگری سەرۆک کۆمار داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات

جێگری سەرۆک کۆمار داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات
جێگرێکی سەرۆک کۆماری عێراق، داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات و پێیوایە، مالیکی لە پشت وێرانکارییەکانە لە عێراق.

ئوسامە نوجەیفی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت داوای کردووە، کە حەیدە عەبادی، سەرۆک وەزیران دووبارە بێتەوە پەرلەمان و پرسی راسپاردنی بۆ سەرۆکایەتی حکوومەت دووبارە بخرێتەوە بەر باس، چونکە ”توانای بەسەر کێشەکاندا نییە و لەماوەی ساڵێکدا نەیتوانیوە بەرنامەکانی حکوومەت جێبەجێبکات“.

ئوسامە نوجەیفی بە باسکردنی خۆپێشاندانەکانی عێراق، کە زۆربەی شارەکانی عێراقی گرتووەتەوە و داوای کارەبا و خزمەتگوزاریی دەکەن و حکوومەت لە دابینکردنیان شکستی هێناوە، رایگەیاندووە، کە ”ئەگەر پێویست بکات، دەبێ هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدەرێت“.

ئەو جێگرەی سەرۆک کۆماری عێراق هەروەها ئاماژەی بەوەکردووە، کە نووری مالیکی، جێگری ئێستای سەرۆک کۆمار، کە پێشتر سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، ”هۆکاری هەموو کێشە ئەمنیی، سیاسیی و خزمەتگوزارییەکان و وێرانبوونی وڵاتە“.











باسنیوز
Top