واشنتن 62 ملیۆن دۆلار هاوكاری مرۆیی پێشكەش بە عێراق دەكات

واشنتن 62 ملیۆن دۆلار هاوكاری مرۆیی پێشكەش بە عێراق دەكات
وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، واشنتن و وڵاتانی كەنداو پابەندن بە دابینكردنی سەقامگیری لە ناوچەكە، دووپاتیشیكردەوە وڵاتەكەی بڕی 62 ملیۆن دۆلار وەكو هاوكاری مرۆیی پێشكەش بە عێراق دەكات.

دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریكاری كەنداو، جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانی هاوبەش لەگەڵ هاوتا قەتەرییەكەی گوتی: "واشنتن بڕی 62 ملیۆن دۆلار وەكو هاوكاری مرۆیی پێشكەش بە حكومەتی عێراق دەكات، ئاماژەی بەوەشدا قەبارەی هاوكارییە مرۆییەكانی ئەمریكا بۆ عێراق تاوەكو ئێستا گەییشتووەتە 475 ملیۆن دۆلار، دووپاتیشیكردەوە وڵاتەكەی بەردەوامدەبێت لە هاوكاریكردنی عێراق بە تایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی چەكدارانی سەر بەرێكخراوی داعش".

هاوكات لەسەر بانگەوازی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە هاوكاریكردنی ئاوارەكانی عێراق، حكومەتی ژاپۆن بڕیاریدا بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ هاوكاریكردنی خێزانە ئاوارەكان پێشكەش بە عێراق بكات، بەپێی بەیاننامەی باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق هاوكارییەكە لە رێگەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی (WFP)، نووسینگەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران (UNHCR) و رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی (IOM)، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ منداڵان (UNICEF) و بەرنامەی نەتەوە یەكگرتوەكانی بۆ گەشەپێدان (UNDP) پێشكەش بە عێراق دەكات.












رووداو
Top