موقتەدا سەدر هەڕەشە لە هێزە ئەمنییەکان دەکات

موقتەدا سەدر هەڕەشە لە هێزە ئەمنییەکان دەکات
خۆپێشاندانەکانی عێراق چوار شاری دیکەی گرتەوە و هاووڵاتییان داوای خزمەتگوزاریی زیاتر و باشتر بوونی بارودۆخی ژیانیان دەکەن، هاوکات موقتەدا سەدر هەڕەشە لە هێزە ئەمنییەکان دەکات و داوا دەکات رووبەڕووی خۆپێشاندەران نەبنەوە.

لە رۆژی دووەمی خۆپێشاندانەکان، کە لە بەسرا دەستیپێکرد، لە هەر چوار شاری کەربەلا، بەغدا، نەجەف و ناسرییە هاووڵاتییان رژانە سەر شەقامەکان و دەستیان بە خۆپێشاندان کرد.

خۆپێشاندەرانی بەسرە داوای لەسەرکار لادانی قاسم فەهداوی، وەزیری کارەبا و ماجد نەسراوی، پارێزگاری بەسرە دەکەن، بەهۆی کەمتەرخەمییان لە کارەکانیان لەماوەی دەسەڵات وەرگرتنیان.

موقتەدا سەدر، مەرجەعی بەشێک لە شیعەکان و رابەری رەوتی سەدر، وێڕای پشتگیریکردنی خۆپێشاندەران، رایگەیاندووە، کە پێویستە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو بەرپرسانە بکرێت، کە کەمتەرخەم بوون، لە هەردوو حکوومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی و حکوومەتی ئێستا بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی.

موقتەدا سەدر هەڕەشە لە هێزەو ئەمنییەکان دەکات و دەڵێت، “هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خۆپێشاندەران، کە داوای مافی خۆیان دەکەن، دەستدرێژییە بۆ سەر ئێمە و عێراق”.

پەیامنێری جەزیرە لە بەغدا تێبینی ئەوەی کردووە، کە ئەگەر زۆرە خۆپێشاندانەکان ببینە هۆی تەقینەوەی بارودۆخەکە و گۆڕانی خۆپێشاندان بۆ راپەڕینی جەماوەری.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق شەوی رابردوو وەزیرەکانی حکوومەتەکی راسپارد، بۆ چوونە نێو خۆپێشاندەران و گوێگرتن و بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانیان.













باسنيوز
Top