30 فڕۆکەوانى عێراقی لە وڵاتى چیک راهێنان دەکەن

 30 فڕۆکەوانى عێراقی لە وڵاتى چیک راهێنان دەکەن
وەزارەتى بەرگرى حکومەتى چیک رایگەیاند، 30 فڕۆکەوانى عێراقی لە کۆمارى چیک راهێنان لەسەر چۆنیەتى هاژوتنى فڕۆکەى گواستنەوەى رووسی جۆرى (MI17)دەکەن.

پیتەر میدیک، گوتەبێژى وەزارەتى بەرگرى حکومەتى چیک لە لێدوانێکى رۆژنامەڤانیدا گوتى "فڕۆکەوانە عێراقییەکان خولى فێربوونى هاژوتنى فڕۆکەوانى تەواو دەکەن، کە چەند مانگێک دەخایێنێت".

هاوکات لێدوانێکى پێشترى فرانتیسیک مالینینسکى جێگرى پێشووى سوپاسالارى وڵاتەکەشی پشتڕاستکردەوە، کە گوتبووى "فڕۆکەوانە عێراقییەکان راهێنان لەسەر چۆنیەتى هاژوتنى فڕۆکەى جەنگى چیکى جۆرى (159) دەکەن".

سەرەتاى مانگى ئادارى رابردوو حکومەتى چیک رەزامەندى نیشاندا لەسەر فڕۆشتنى 15 فڕۆکەى جۆرى (159)بە عێراق، بەپێی پێوەرەکانى پەیمانى ناتۆ لە پێناو هاوکاریکردنى عێراق لە شەڕى دژى داعش.

لادیسلاڤ سیمیک سەرۆکى گرووپى کارگەکانى دروستکردنى فڕۆکەى جۆرى (ئیرۆ فۆدۆشۆى) رایگەیاند "ئەو فڕۆکەوانانە بەشێکن لە گرێبەستى رادەستکردنى ئەو فرۆکانەى، کە لە 29 ى حوزەیرانى رابردووەوە کەوتووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام دیاری نەکرد ئاخۆ کەی راهێنانەکان دەست پێدەکەن".














رووداو
Top