بهغدا نرخی كارتی مۆبایلی گران كردووه و ههرێمیش دهگرێتهوه
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لهڕوونکردنەوەیەکدا كه كۆپیهكی دهست ماڵپهڕی فهرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان كهوتووه، پێوهست به گرانبوونی نرخی کارتی مۆبایل رایگهیاند، "بەگوێرەی مادەی ٣٣ لهیاسای بودجەی ٢٠١٥ی عێراقی فیدڕاڵ باج خراوەتە سەر کارتی مۆبایل و ئینتەرنێت بە رێژەی ٢٠% و ئێستایش چووهتە واری جێبەجی کردنەوە، بەگوێرهی ئەو ماددەیە کارتی مۆبایل گران بووە و لە ھەرێمیش بڕیارەکە جێبەجێ كراوه".
ھەر لەڕوونکردنەوەکەدا ھاتووە، بە گرنگی دەزانین بۆ جەماوەری ھەرێمی کوردستان و ھەموو بەکارھێنەرانی خزمەتگوزاری مۆبایل رونیبکەینەوە، ھەر سێ کۆمپانیای گەیاندنی (کۆڕەک تیلیکۆم–ئاسیا سیڵ–زەین) سێ کۆمپانیای سەرانسەری عێراقن و لە ھەموو شارەکانی عێراقدا بە ھەرێمی کوردستانیشەوە تۆڕی گەیاندنیان ھەیەو کاردەکەن، مۆڵەتی کارکردنیان لەلایەن حکوومەتی فیدراڵی عێراق و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراقی CMC یەوەیە و بڕیارو رێنماییەکانی ئەو دەستەیە جێبەجێ دەکەن و ئەوان بەرپرسن لە رێکخستنی کارە ئیداری و ھونەری و دارایەکانیان و پێوەندییان بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێمی کوردستانەوه نییە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، بڕیاری گرانکردنی نرخی کارتی پڕکردنەوەی باڵانسی مۆبایل (پریپەید) بڕیاری ئێمە نیەو لە بەغداوە دەرچووە و ئەم بڕیارە ھەر سێ کۆمپانیا لە شارەکانی عێراقی فیدڕاڵ جێبەجێی دەکەن بەھەمان شێوەش لە ھەرێمی کوردستان جێبهجێ دەکرێت.
