شا عەبدوڵڵا رەتیدەکاتەوە دەستی لەکاروباری عێراق وەردابێت

 شا عەبدوڵڵا رەتیدەکاتەوە دەستی لەکاروباری عێراق وەردابێت
شای ئوردن رەتیکردەوە دەستی لەکاروباری نێوخۆیی عێراق وەردابێت و ئاماژە بەوەدەکات، وڵاتەکەی پەیوەندییەکی مێژوویی، سیاسیی و کولتووریی لەگەڵ عێراق هەیە.

شاعەبدوڵڵا بن حوسەین، شای ئوردن لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: " سەرجەم ئەو هەواڵانە رەتدەکەمەوە کە ئاماژەیان بەوەکردووە، کە من بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەستم لەکاروباری عێراق وەرداوە و لێرەوە دووپاتیدەکەمەوە بەهیچ شێوەیەک دەستم لەکاروباری نێوخۆی عێراق وەرنەداوە".

شای ئوردن گوتیشی: " تەنها لە لێدوانەکانی پێشوومدا لەبارەی شەڕی تیرۆر لە عێراق ئاماژەم بەوە کردبوو، گرنگە حکومەتی عێراق هاوکاری دارایی و سەربازی هۆزەکانی پارێزگای ئەنبار بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لەناوچەکە و ئەو پشتیوانییەی حکومەتی عێراقم بۆ هۆزەکان چەند جارێک دووپاتکردووەتەوە".

بە گوتەی شا عەبدوڵڵا، ئوردن هاوکاری سەرەکی عێراق بووە لە پاراستن و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، بەتایبەتی لەدانانی کامێرای چاودێریکردنی سنووری نێوان عێراق و ئوردن کە ئەو کارەش سوودی باشی بۆ عێراق هەبووە.

شا عەبدوڵڵا دەشڵێ " ئوردن پەیوەندییەکی مێژوویی سیاسیی و کولتووریی لەگەڵ عێراق هەیە و هیوادارم لەسەر هەڵە تێگەیشتنێک بەرپرسانی عێراق پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئوردن تێکنەدەن".










رووداو
Top